یەكەم كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەغدا لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچو
  2022-10-17       512       

ئەمڕۆ دوشەممە، مەكتەبی سیاسی بۆ یەكەمجار لەپاش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی لە بەغدا كۆبوەوە. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاند، یەكێتی لەم وێستگە گرنگەدا سەركەوت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، "لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسیی عیراق و شایستە دەستورییەکانی گەلی کوردستان کرا، دوابەدوای دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ھەڵبژاردنی ھەڤاڵ د.لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆماری عیراق کە یەکێکە لە تێکۆشەرە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی یەکێتی."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"بافڵ تاڵەبانی وێڕای ئاماژەدان بە سەرکەوتنی یەکێتی لەم وێستگە گرنگەدا، جەختی لە جێبەجێکردنی خواست و مافە دەستوری و یاساییەکانی تری گەلەکەمان و یەکێتی کردەوە لە حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی دەوڵەتمەداری راسپێردراو، محەمەد شیاع سودانی."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، کۆبونەوەکە جەختیشی کردەوە کە "پێویستە حکومەتێکی خزمەتگوزار، کارا و بەھێزبێت و پارێزگاری لە مافی هەمو نەتەوە و پێکهاتەکان بکات."

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە "بەشێکی تری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە بەغدا تایبەت بوو بە پێویستی پتەوکردنی ئامادەیی سیاسی و رێکخراوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا وەک سەنگەری پێشەوەی خەباتی دیموکراتی و نیشتمانیی گەلەکەمان، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێویست پەسەندکرا."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، ئەمە یەکەم کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×