دوایین هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئاشکرا دەکرێن
  2022-10-20       482       

سەرکردەیەیەکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاند، رەوتەکەیان هەرچەندە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەڵام بەشداری حکومەتی نوێ ناکات و دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن، جەختیش دەکاتەوە کە بۆ هەمو پێکهاتەکان پۆستە وەزارییەکان بەگوێرەی خاڵ دابەش دەکرێن.

ئاوێنە: رەحیم عەبودی، ئەندامی سەرکردایەتی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشكردوە، پێشتر رەوتەکەیان رایگەیاندوە کە بەشداری حکومەتی نوێی ناکات، بەڵام پشتیوانی سەرکەوتنی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دەبێت و وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئەرێنی چاودێری کارەکانی دەکات.

ئەوەشی خستوەتەڕو، لەحکومەتی نوێدا 12 وەزارەت بەر پێکهاتەی شیعە دەکەون و هەر وەزارەتێکی سیادیش 18 خاڵی لەسەرە (هەر پەرلەمانتارێک بە یەک خاڵ هەژمار دەکرێت)، بەهەمان شێوە بۆ پێکهاتەکانی دیکەش خاڵ پەیڕەو دەکرێت.

ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە ئەوەشی خستوەتەڕو، رەوتەکەیان لەم کاتەدا ستراتیژییەتی ئەوەیە بێلایەن بێت و  ئۆپۆزسیۆنێکی ئەرێنی بێت، "ئەگەر حکومەتیش لەکارەکانیدا سەرکەوتو بێت، ئێمە پشتیوانی دەکەین". 

بڕیارە شەممەی داهاتو حکومەتی نوێی عێراق لەلایەن محەمە شیاع سودانییەوە بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، رەوتی سەدریش کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی 10ی تشترینی یەکەمی ساڵی رابردو بو، دوای کشانەوەی لە پەرلەمان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەماوەی ساڵێک بۆ دو ساڵی داهاتو هەڵبژاردنێکی دیکە پێشوەخت ئەنجام بدرێت، ئەو داواکارییەش لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە بۆچونی جیاوازی لەسەر دروست بوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×