میتی توركی دەڵێت، فەرماندەیەكی پەكەكەیان لە شنگال رفاندوەو بردویانەتەوە بۆ توركیا
  2022-10-21       408       

بەپێی ئاژانسی رەسمی توركیا، دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە ناسراو بە میت، فەرماندەیەكی پەكەكەیان لە شنگال رفاندوەو بردویانەتەوە بۆ توركیا.

ئاوێنە: ئاژانسی ئانادۆڵۆ، ئەمڕۆ هەینی، بڵاویكردۆتەوە ئەو كەسەی كە لە ئۆپۆراسیۆنێكی توركیادا لە شنگال رفێندراوە ناوی "بورهان پیچاک"ە کە ناوە نهێنییەكەی "جانشەر-لاشەر"ەو لە شنگال وەک  فەرماندەی پەكە چالاكی ئەنجام داوە.

ماوەیەك لەمەوبەریش میتی توركیا رایگەیاندبو كە دو كەسی سەر بە پەكەكەیان لە شنگال رفاندون و بردویاننەتەوە بۆ توركیا، بەڵام هەپەگە رەتیكردەوە كە ئەو كەسانە سەر بەوان بن.

ئاژانسی رەسمی توركیا ئاماژەی بەوەداوە كە پیچاک لە ساڵی ٢٠١٥دا لە شارۆچکەی لیجە سەر بە پارێزگای ئامادەوە چوەتە سوریا و لەوێ چوەتە ریزەکانی یەپەگە و لە کەمپەکانی یەپەگەدا لە سوریا مەشقی پێکراوە.

هەر بەپێی هەواڵەكەی ئاژانسی رەسمی توركیا، پیچاک لە ساڵی 2019 دژی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لە ریزەكانی یەپەگەدا شەڕی كردوەو پاشان چۆتە ناوچەی تەبقەی سوریاو بۆ دواجاریش چۆتە شنگال.

تا ئێستا پەكەكەو هەپەگە لەبارەی ئەو بانگەشەیەی میتی توركیاوە هیچ لێدوانێكیان نەداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×