ئەردۆغان سه‌ردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان ده‌كات
  2022-10-26       986       


پەرلەمانتارێکی سەر بەپارتی چاکەی تورکیا ئاشكرایكرد، سەردانەکەی ئەمدواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بۆ شاری ئامه‌د، ئاماژەیە بەوەی ناوبراو چاوی بەعەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) کەوتوە، ده‌شڵێت:"بەڵگەمان لایە کە ئەردۆغان ئەو سەردانەی بۆلای ئۆجەلان ئەنجامداوە".

ئاوێنه‌: ئایتون شیرای پەڕلەمانتاری سەر بەپارتی چاکەی تورکیا بەسەرۆکایەتی میراڵ ئەکشنار لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، "سەردانەکەی ئەمدواییەی ئەردۆغان بۆ شاری ئامه‌د لەباکوری کوردستان بەڵگەیە لەسەرئەوەی ناوبراو چاوی بەعەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) کەوتوە".

وتیشى:"پارتی دەسەڵاتداری تورکیاو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لەو پارتە، هەموو ڕێگه‌و ستراتیژییەتێکیان بەکارهێناوە بۆ لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی "نەتەوە"ی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، لەناویاندا پەنابردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت:"سەردانی ئەردۆغان بۆ ئامه‌دى باکوری کورستان بەڵگەیە لەسەر دیداری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، زانیارییەکانیشمان ئاماژە بەهەمان بابەت دەکەن".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌دا وتى:"پارتی دەسەڵاتدار دەیەوێت لەڕێگه‌ی پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی بەناو کێشەی کورد (بەوتەی ئەو) هاوڵاتیان فریو بدات".

ئەو پەرلەمانتارە باسى له‌وه‌شكرد، "ئۆجەلان بەئەردۆغانی وتوه‌، پێویسته‌ هەوڵبدات قەناعەت بەو دەنگدەرانەی کورد بکەن کە گوێ لەو ناگرن، هەربۆیە ئێستا ئاکەپە هەوڵی دانوستانی نوێ لەگەڵ پەکەکە دەدات، بۆئەوەش هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئۆجەلاندا نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچە کوردییەکاندا هەیە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×