بارزانی و عەللاوی: پشتیوانی كابینەكەی ئەلسودانی دەكەین
  2022-10-27       391       

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەیاد عەللاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی كۆبونەوەو رێككەوتن لەسەر پشتیوانیكردنی كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی ئەیاد عەللاوی بڵاویكردۆتەوە، لەو كۆبونەوەیەدا كە لەشاری هەولێر بەڕێوەچوە چەندین دۆسیە تاوتوێكراون لەسەر ئاستی ناوخۆ لە سەرویانەوە پێكهێنانی كابینەی نوێ و ئەركەكانی داهاتوی.

هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە، هەردوولا رێككەوتون  كە پشتیوانی ئەلسودانی بكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ كە داخوازییەكانی گەلی عیراق بەدیبهێنێت لە پێشیانەوە بنبڕكردنی گەندەڵی و گەندەڵكاران و لەناوبردنی تائیفییەتی سیاسی و پشكپشكێنە و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

هەروەها لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە بارزانی عەللاوی تەئكیدیانكردۆتەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەیاسایەكی نوێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، گفتوگۆشیانكردوە لەسەر ئەو هێرشانەی ناو بەناو دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و عەللاوی لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، دوبارەبونەوەی ئەو دەستدرێژیانە هەڕەشەن بۆ سەر سەروەریی عیراق، داوایكردوە رێوشوێنی پێویست بۆ رێگرتن لە دوبارەبونەوەی بگیرێتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×