یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیالست ڕایدەگەیەنن، ھەموو ئەوانەی کە ئێستا ڕوو دەدەن، دەرئەنجامی ویستێکی تاکڕەوییە کە دەیەوێت ڕۆڵی لایەنەکانی تری کوردستان فەرامۆش بکات، راشیانگەیاندووە "ئێمە ناتوانین بەردەوامبین لەگەڵ بارودۆخێکی وەھادا".
ئاوێنە: شاندێكی یەكێتی سەردانی بزتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانی كرد و كەمێك پێش ئێستا ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بڵاكردەوە.
لە ڕاگەیەنددراوەكەدا هاتووە: شاندی یەكێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا كۆبویەوە و ھەردوولا تەئکیدیان لەسەر برەودان بە کاری پێکەوەیی لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردەوە.
هەروەها شاندنی یەكێتی لەگەڵ پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستاندا كۆبویەوە و ھاوخەباتی و پێکەوەیی لە مێژینەی یەكێتی و سۆسیالست دوو پاتکرایەوە.
وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، وەفدی یەکێتی لە ھەردوو کۆبوونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان نیگەرانیی یەکێتیان لە شێوازی ئێستای حوکمڕانی گەیاندە ھەردوولا و تەئکیدیان لەوە کردەوە، ھەموو ئەوانەی کە ئێستا ڕوو دەدەن دەرئەنجامی ویستێکی تاکڕەوییە کە دەیەوێت ڕۆڵی لایەنەکانی تری کوردستان فەرامۆش بکات.
راشیانگەیاندووە کە ئێمە ناتوانین بەردەوام بین لەگەڵ بارودۆخێکی وەھادا.