وه‌فدی‌ پارتی: نیگەرانییەکانی یەکێتی لەوەوە سەرچاوەی‌ گرتووه‌ کە تیرۆرکردنی (ھاوکار جاف) ئاشکراکراوە
  2022-10-29       770       


سەرچاوەیه‌کی باڵا لەوه‌فدی‌ وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ نیگەرانییەکانی یەکێتی لەوەوە سەرچاوەی‌ گرتووه‌ کە تیرۆرکردنی (ھاوکار جاف) ئاشکراکراوە.

ئاوێنه‌: دوای سەردانی وه‌فدی‌ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ لای حزبەکان و نیشاندانی نیگەرانییەکانیان لەحکومەت، ئەمڕۆ وه‌فدێکی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەحکومەتی ھەرێمی كوردستان، بەسەرۆکایەتی پشتیوان سادق ھەروەھا ئەندامییەتی ساسان عەونی، سەفین دزەیی و ئومێد سەباح، سەردانی حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.

هه‌روه‌ها بڕیارە سبه‌ی یەکشەممە، وه‌فده‌كه‌ی پارتی‌ له‌گەڵ ھەریەك لەمەکتەبی سیاسی یەکگرتوی ئیسلامی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە.

سەرچاوەیه‌کی باڵا لەوه‌فدی‌ پارتی به‌میدیاكانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ رایگه‌یاندووه‌، "لەکۆبونەوەکاندا باس لەوەکراوە، نیگەرانییەکانی یەکێتی لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە تیرۆرکردنی (ھاوکار جاف) ئاشکراکراوە، کەئەمەش قابیلی قبوڵ نییە لەپایتەختی ھەرێمی كوردستان، ئەم جۆرە کارانە ئەنجامبدرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ لایەنێکی سیاسی تۆمەتبار نەکردووە بەڵکو ته‌نها داوای رادەستکردنی تۆمەتباران دەکات".

ھەروەھا لەکۆبونەوەکانی ئەمڕۆدا وه‌فدی‌ وەزاری پارتی جەختیان كردووته‌وه‌، ئەنجومەنی وەزیران بەوپەڕی شەفافییه‌ت زیاتر لە 80 کۆبونەوەی لەم کابینەیەدا ئەنجامداوەو بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بەکۆدەنگی بووەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش  لەناو حکومەت و لەدەرەوەی حکومەتیشدا شەریک و خاوەن بڕیار بووە.

له‌باره‌ی دۆسییه‌ی داھاتی سلێمانی‌و موچە، وه‌فدی‌ پارتی باسیان لەوەکردووە، سەرۆک وەزیران بەیەك چاو تەماشای ھەموو پارێزگاکان دەکات و جەخت لەوەدەکاتەوە، ھەرچی داھات ھەبێت پێویستە لەژێر چەتری حکومەتدا بێت و بێتەوە گەنجینەی حکومەت، ناکرێت لەھەندێك شوێن داھات و خەرجی حکومەت دیار نەبێت.

لەکۆتاییدا، وه‌فدی‌ وەزاری پارتی لەحکومەتی هه‌رێمی كوردستان دوپاتیانكردووه‌ته‌وه‌، لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیكه‌، سورن لەسەر چارەسەری ھەموو گرفتێك لەچوارچێوەی ئەنجومەنی وەزیران له‌سه‌ر بنه‌مای سەروەری یاسا، پێکەوەیی و تەبایی بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×