قایمقامی هەولێر: جوتیارە نمونەییەکە لە سنووری ئێمە نییە بۆیە رێگە نادەین لێرە فێستیڤاڵ بکات
  2022-11-02       800       


نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر رایگەیاند، جوتیارە نمونەییەکە کە داوایکردووە فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بکاتەوە، تێبینیی زۆریان لەسەری هەیە، ئەو لە سنووری پارێزگای هەولێر نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەوترێت هەناری فێستیڤاڵەکەی پار بەرهەمی ناوخۆ نەبووە و هاوردەکراوبووە.

ئاوێنه‌: نەبەز عەبدولحەمید، به‌ میدیاكانی نزیك له‌ یه‌كێتی راگەیاند، "ئەوەی دەبێت رێگە بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵ بدەین تەنها ئێمە نین بەڵکو بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و وەزارەتیشی تێدایە، بەڵام ئەو کەسەی داوای کردووە فێستیڤاڵی هەنار ئەنجامبدات لە هەولێر، لە سنووری ئێمە نییە و سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی بەرهەم و باخی ئەو جوتیارەوە نییە، نازانین توانای چەندە، جگە لەوەی ئەو داوای کردووە 17ی ئەم مانگە فێستیڤاڵ بکات، ئەوکاتەش هیج بەرهەمێکی هەنار نامێنێت و وەرزی هەنار نییە".

قایمقامی هەولێر وتیشی: "سەرەڕای تێبینیی زۆری ئێمە، ئەو خەڵکانەی چوونەتە فێستیڤاڵی ساڵی رابردوو باس لەوە دەکەن کە بەرهەمی هەناری ئەو فێستیڤاڵە ناوخۆ نەبووە و هاوردەکراوبووە".

باسی لەوەکرد، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا فێستیڤاڵێکی گەورە لە هەولێر ئەنجامبدرێت بۆ سەرجەم بەرهەمە ناوخۆییەکان بە هەناریشەوە، هەر جوتیارێکی سنووری پارێزگای هەولێر بیەوێت دەتوانێت بەشداری تیادا بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر جوتیارە نمونەییەکەی هەڵەبجە پێشتر رایگەیاند، کە داوای کردووە لە لە هەولێر فێستیڤاڵی هەنار ئەنجامبدات و رێگەی پێنەدراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×