سەرچاوەیەکی باڵا پێشنیارەکانی هەرێم بۆ بەغدا لەبارەی نەوت و بودجەوە ئاشکرا دەکات
  2022-11-09       688       

بڕیارە وەفدێکی باڵا لەهەولێرەوە بڕواتە بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەسەر ئەو دۆسەی نەوت و بودجە گفتوگۆ بکات، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمیش، زانیاری گرنگ لە بارەی پێشنیارەکانی هەرێم بۆ بەغدا، ئاشکرا دەکات.

ئاوێنە: سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ئەو پێشنیارانەی دەیخەنە بەردەم بەرپرسانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هەرێم داوای ڕێککەوتن لەسەر بودجە لە عێراق دەکات، داوادەکات 17% پشکە بودجەکەی بۆ بگێڕدرێتەوە، گەر بەغدا ڕازی نەبێت، هەرێم داوای 14%دەکات."

بەپێی وتەی سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم، داواکارییەکی تری هەرێم لە بەغدا، دابینکردنی بودجەیە بۆ پێشمەرگە وەکو بەشێک لە سیستمی بەرگری عێراق، هەروەها داوا لە بەغداش دەکرێت، چیتر ناکۆکی سیاسی تێکەڵ بە مەسەلەی دارایی نەکرێت، وتی "هەرێم دەیەوێت قەرزەکانی لەگەڵ بەغدا تەسفیە بکات، بەتایبەت عێراق لە ساڵی 2014 ەوە بودجەی نەداوەتە هەرێم، عێراقیش داوای داهات لە هەرێم دەکات."

سەبارەت بە پێشبینی بەرپرسانی هەرێم بۆ ئاراستەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ عێراق، سەرچاوەکە وتی"ڕەنگە دواجار لەسەر ژمارەیەک واتە بڕە پارەیەک ڕێکبکەوین، کە بەغدا بۆ هەرێمی ڕەوانە بکات."

وەفدەكەی هەرێم بڕیارە هەفتەى داهاتو سەردانى بەغدا بکات و ئەمڕۆش ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم ئەندامانى وەفدەکەى دیاریکرد.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران وەفدەكە پێکدێت لە: وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و وتەبێژی حکومەت.

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، وەفدەکەى راسپارد لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەختیشی لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییە كردەوە کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×