بەهۆی بۆردومانەكانی ئێرانەوە چەند بڕیارێك بۆ پەروەردەی كۆیە دەركران
  2022-11-14       487       

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان سەردانی قەزای كۆیەی كرد كە ئەمڕۆ جارێكی دیكە روبەڕوی هێرشی ئێران بوەوەو چەند بڕیارێكی بۆ پەروەردەی قەزاكە دەركردو دەشڵێت، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانیش راسپێردراوە کە رێکاری پێویست تاوتوێ بکەن سەبارەت بە قوتابخانەی زڕگوێزو چۆنیەتی دەستبەرکردنی خوێندنی قوتابیان لە سنورەکەدا.

ئاوێنە: ئالان حەمەسەعید، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمشەو دوشەممە، سەردانی قەزای كۆیەی كردوەو لەگەڵ قائیمقامی قەزاكە بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری پەروەردەی كۆیەو سەرۆكی شارەوانی كۆیە كۆبوەتەوە بۆ شرۆڤە و بڕیاردان لەبارەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ چارەسەرکردنی دەرهاویشتەکانی بۆمبارانکردنی بەشێک لە سنورەکە .

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە كۆبونەوەكەدا چەندین بڕیاری پێویست دران، لەوانە:

١- بەردەوامبونی ڕاگرتنی دەوام لە چەند قوتابخانەیەک کە پێشتر دەواممان تێدا ڕاگرتبو وە قوتابخانەکان شوێنی دیکەیان بۆ دیاریکرابو.

٢- بریاردرا سبەی تیمی ئەندازیاری بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر سەردانی شاری کۆیە بکەن و ڕەزامەندیمان دا لە سەر دروستکردنی قوتابخانەیەک بە شێوازی کابینە و بە خێرایی بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە لەسەر بودجەی وەزارەت.

٣- هەماهەنگی لەگەڵ بەرێز سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کرا بۆ ئەوەی قوتابخابەیەک لە کۆیە دروست بکرێت.

٤- بەرێز بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێرم راسپارد، سبەی میکانیزمێک بگرنە بەر بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردەی کۆیە تیمێک لە رێنمایکارانی پەروەردەی سەردانی ئەو قوتابخانانە بکەن و کاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ باشکردنی لایەنی دەرونی قوتابیان و خوێندکارانی کاریگەر بە هێرشە موشەکییەکان.

٥- بریارماندا بە تەرخانکردنی بڕی پەنجا ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتی کارەکانی پەروەردەی کۆیە لە دروستکردنی پۆلی خوێندنی زیادە بەمەبەستی کەمکردنەوەی فشار بەهۆی داخستنی زیاتر لە پێنج ناوەندی خوێندن .

٦- زیاتر لە 71 ملیۆن دینار بڕیاری تەرخان و خەرجکردنی درا بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامادەیی کۆیە و ئامادەیی تەقتەق.

وەزیری پەروەردە وتویەتی، هەر ئەمڕۆش بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی راسپێردرا کە رێکاری پێویست تاوتوێ بکەن سەبارەت بە قوتابخانەی زڕگوێزو چۆنیەتی دەستبەرکردنی خوێندنی قوتابیان لە سنورەکەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×