بافڵ تاڵەبانی: پشوودرێژیمان لەبارەی تاكڕەویی حوكمڕانی ئەم ھەرێمە كۆتایی ھات
  2022-11-16       652       

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لە قەڵاچوالان لەگەڵ كادران و ئەندامانی سنووری مەڵبەندەكانی سلێمانی و گەرمیانی حزبەکەی کۆبووەوە و دەڵێت، "پشوودرێژیمان لەبارەی تاكڕەویی حوكمڕانی، جیاكاری لە ئیدارەدان و دابەشكردنی داھاتی ئەم ھەرێمە كۆتایی ھات". 

ئاوێنه‌: ‎لە كۆبوونەوەكەدا رەفعەت عەبدوڵڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، سەركەوت زەكی، لێپرسراوی مەكتەب رێكخستن، جەزا سەید مەجید، لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی و میقداد شێخ بەھادین، لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی گەرمیان ئامادەبوون. 

میدیای فەرمی بڵاویکردەوە، "بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێكی ھەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتی ھەرێم، عیراق، ناوچەكە و یەكێتی پێشكەش كرد. ئاماژەی بە ھەوڵ و ھەنگاوەكانی یەكێتی كرد كە سەرباری ئاستەنگ و بەربەستەكان توانیوویەتی سەركەوتنی گەورە بەدەستبھێنێت لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا. هەروەها توانی ئیستحقاقی سەرۆككۆمار ھەر لای كورد و یەكێتی بھێڵێتەوە و سیاسەتێك ئاڕاستە بكات كە ببێتە مایەی بەھێزتركردنی پێگەی كورد".

بافڵ تاڵەبانی وتووشیەتی، "بڕیارمانداوە لەمەودوا ئامادەیی زیاترمان لە بەغدا ھەبێت وەك سەنگەری پێشەوەی داكۆكیكردن لە خەباتی دیموكراسی و نەتەوەیی گەلەكەمان".

‌‎لە بارەی ھەرێمی كوردستان و پێشھاتە سیاسییەكان سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندووە: "یەكێتی ھەمیشە لە چوارچێوەی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال ستراتیژی خۆی ئاڕاستەكردووە و دەكات. لەبەرامبەر ھەموو ئەگەرەكاندا پەنای بۆ دیالۆگ و چەپكەگوڵەكە بردووە، بەڵام بەداخەوە ئەم ویستە نیشتمانییەی ئێمە بەھەند وەرنەگیرا و پشوودرێژیمان لەبارەی تاكڕەویی حوكمڕانی، جیاكاری لە ئیدارەدان و دابەشكردنی داھاتی ئەم ھەرێمە كۆتایی ھات. هەر بۆیە بڕیارماندا ستۆپ بە پاوانخوازی بكەین و چیتر قبووڵی نەكەین دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چونكە دەبێت رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی راستبكرێتەوە و حكومەت حكومەتی ھەموو خەڵك و شار و شارۆچكەكان بێت. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ دڵسۆزانی گەلەكەمان ئەم ئامانجە باڵایە بەدیدەهێنین".

‌‎لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی  ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "یەكێتی وەك ھێزێكی جەماوەریی ھەمەلایەنە ھەمیشە باوەڕی بە نوێبوونەوە و خۆڕێكخستنەوە ھەبووە لەسەر بنەمای ھەڤاڵێتی، یەكێتیبوون و یەكێتی ناو یەكێتی، بۆ ئەوەش ھەنگاوی باشمان ناوە و ئەگەر لە شوێنێكدا كەموكوڕی ھەبووبێت بێگومان چارەسەری دەكەین و دەیكەینە بنەمای جۆشدانەوەی كاری رێكخراوەییمان. بۆیە ھەر كادر و ئەندامێكی یەكێتی تێبینی یاخود رەخنەیەكی ھەبێت پێشوازی لێدەكەین بەڵام نابێت گلەییەكان ببنە ھۆكاری ساردبوونەوە و دووركەتنەوەمان، چونكە یەكێتییەكەی مام ھی خەڵك و ھەڤاڵەكانێتی و ئێمە بە ئێوە و دڵسۆزیتانەوە دەتوانین گەشە بەخۆمان بدەین و كاروبارەكان باشتر رێكبخەینەوە. بۆ ئەوەش سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای لە ئامادەبووان كرد بە گیانێكی هەڤاڵانە و ورەیەكی پۆڵایینی یەكێتییانەوە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن و هاوكار و ھەماھەنگی یەكتربن بۆ بەهێزتركردن و پێشخستنی ریزەكانی یەكێتی".

‌‎وەک میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، "لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆیەكی كراوە بەرێوەچوو و سەرۆك بافڵ ھەڤاڵانی راسپارد بچنەوە ناو ھاووڵاتییان و ئۆرگانەكانی یەكێتی بكەنەوە بە ماڵی كۆمەڵانی خەڵك. دەبێت كادری یەكێتی لەبەرەی پێشەوەی داكۆكیكردن بێت لە مافەكانی هاوڵاتییان و  بە رۆحێكی یەكێتییانەوە درێژە بە خەبات بدەن و لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناغەكەدا بن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×