پەرلەمانتارێکی سوید: ئەردۆغان هێشتا داخی تێکشکاندنی داعشی لەکۆبانێ لەدڵدایە
  2022-11-22       405       

پەرلەمانتاری دیاری سوید، ئامینە کاکەباوە سەبارەت بەهێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکردوە، ئەردۆغان هێشتا داخی تێکشکاندنی داعشی لەکۆبانێ لەدڵدایەو ئەوە وەک گورزێکی بەسوێ وایه‌ لەسەرۆکی تورکیا.

ئاوێنە: کاکە باوە لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نۆرس پرێسی نزیک لەئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان وتویەتی:"هەمولایەک سیمبوڵێتی خەباتی ژنان‌و پیاوانی کورد دەزانێت کە چۆن بونەتە پاڵەوانی جەنگی دژ بەداعش".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەزاندنی داعش لەکۆبانێ گورزێکی بەسوێ بوو لەڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا.

باسی لەوەشکردوە، لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیی‌و پەڕلەمانییەکەی تورکیا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت دەنگی دەنگدەرانی تورک بەکوشتنی هاوڵاتیانی کورد بەدەستبهێنن.

کاکەباوە ڕاشیگەیاندوە، دەیەوێت دەنگی بەهەموو گەلی کورد لەتورکیاو هێزە دیموکراتەکان بگات بەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتودا جارێکی تر دەنگی خۆیان نەدەنەوە بەڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار.

ئاشکراشیکردوە، هەواڵگری تورکیا خۆی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵى ئەنجامداوە بۆئەوەی بۆ سودی هەڵبژاردن بەکاریبهێنێت‌و لەبەرژەوەندی خۆیان بیقۆزنەوەو وەک پاساوێکیش بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان‌و هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×