مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی گردبونەوە
  2022-11-26       427       

ئەمڕۆ شەممە، كۆمەڵێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی دژی پێشنیاری پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار گردبونەوەو ناڕەزایەتی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕی و داوایان كرد، حكومەت بەو پێشنیارەدا بچێتەوەو بەزوترین كات بڕیاری پلەبەرزكردنەوەی یاسایی و ئاسایی بۆ كۆی موچەخۆران بدات.

ئاوێنە: نوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، لە گردبونەوەكەدا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند"چاوەڕێ بوین هەمو فەرمانبەرو موچەخۆرێك مافی پلەبەرزكردنەوەی بۆ بگێڕدرێتەوە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت ئەو وەزارەت و دەستانەی كە ماون و پلەبەرزكردنەوەیان بۆ نەكراوە، بەشێوەیەكی مەرجدار پلەبەرزكردنەوەیان بۆ بكرێت."

ئەوەشیان خستەڕو"راستە دەوترێت ئەم بڕیارە تا ئێستا تەنها پێشنیارێكە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی راژە، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین تا توڕەیی خۆمان لەو پێشنیارەی ئەنجومەنی وەزیران دەرببڕین و هۆشداری دەدەین بە ئەنجومەنی راژە كە بڕیارێكی ستەمكارانەی لەو جۆرە پەسەند نەكات."

ئاماژەیان بەوەشدا "لێرەو لەوێ دەبیستین كە پاساو دەهێنرێتەوە بۆ ئەو نادادییە، بەوانەش دەڵێین ئەگەر ئەم بڕیارە ئەوەندە شیاوەو فەرمانبەری باش و ناباش لە یەك جیادەكاتەوەو جۆرێك لە دادپەروەری تێدایە، بۆچی لە دامەزراوەكانی هێزی چەكدارو فەرمانبەرانی سێ سەرۆكایەتییەكەو ئەنجومەنی دادوەریدا بەركاری ناكەن. بۆ مەگەر سەدان رێگای یاسایی نین بۆ بەرقەراكردنی پرەنسیپی پاداشت و سزا؟ بۆیە لەكاتێكدا ئێمە چاوەڕێی گەڕاندنەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانمان بوین، چۆن ئەبێت ئەنجومەنی وەزیران لە جێگایەكی تریش مافمان بخوات و دوڕدۆنگمان بكات لە خزمەت؟"

جەختیشیانكردەوە"ئێمە ئەمڕۆ بەشێوەیەكی سیمبولی دەواممان راگرت و هەڵوێستمان وەرگرت تا هاوشانی پشتیوانیمان بۆ داوا رەواكانی مامۆستایانی وانەبێژو خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، پێتان بڵێین بەم بڕیار یان پێشنیارەدا بچنەوەو بەزوترین كاتدا بڕیاری پلەبەرزكردنەوەی ئاسایی و ئاسایی بگێڕنەوە بۆ كۆی موچەخۆران وەك یەك، تا لەبودجەی 2023دا جێگیر بكرێت. دەنا لە ئاكامی بەدەمەوە نەهاتنی ئەم داوایەماندا، ئێمە رێگای تر دەگرینەبەر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×