بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماری هێرشه‌كانی تورکیای بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان بڵاوکردەوە
  2022-11-26       353       


بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماری شەش رۆژی ڕابردوی‌ هێرشی تورکیای بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان بڵاوکردەوە، به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌كه‌، 59 کەس گیانیانلەدەستداوە کە 16یان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نین.

ئاوێنه‌: له‌ئاماره‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووه‌، 19 شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدەو ئەندامێکی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەهۆی بۆردومانەکانەوە گیانیانلەدەستداوە، هه‌روه‌ها 16 هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ گیانیان لەدەستداوەو 24 سەربازی سوپای سوریاش کوژراون. 
 
ئاماژەی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ 73 کەس لەهێرشەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان برینداربون کە 33 کەسیان مه‌ده‌نین‌و 13 یان شەڕڤان‌و هێزی ئاسایش‌و 25 برینداریشیان سەر بەسوپای سوریان. 
 
20ی‌ ئه‌م مانگه‌ سوپای‌ تورکیا هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان‌و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەرۆژی یەکەمیدا "ژێرخانی سڤیل‌و وزەو خۆراکی کردووەتە ئامانج." 
  
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەشڵێت، جەنگی تورکیا دژی ناوچەکە، جەنگێکی ئابورییە... ئەمجارە توركیا لەرێگەی درۆنەوە هێرشەکانی چڕکردوونەتەوە، مەبەستی تورکیاش، "تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیە." 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×