ئاسایشی سلێمانی "ھەوڵێکی قاچاخچێتی گەورەی چەک" ئاشکرا دەکات
  2022-11-29       948       

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لەدو ھەڵمەتی جیادا دەستیان گرتوە بەسەر ٦٠٠ پارچەچەک لەجۆری کڵاشینکۆف، دەمانچە و زیاتر لە ٦٠٠٠ ھەزار فیشەک و وردەکاری "ھەوڵێکی قاچاخچێتی گەورەی چەک"یش لە سنوری سلێمانی ئاشکرادەکات و دەڵێت "مەرامیان بو بە نایاسایی ساغی بکەنەوە."

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"رۆژی پێنجشەممە ٢٤/١١/٢٠٢٢ لە بازگەی سلێمانی-عەربەت گومانلێکراوێک لەکاتی لێپێچینەوەو جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی بەرامبەری، خاڵی پشکنین دەبەزێنێت و دوای ئەوەی ھەڵدێت ئۆتۆمبێلەکەی لە رێڕەو دەردەچێت و وەردەگەڕێت دواتر دەستگیرکرا."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای پشکنین دەرکەوت لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکە بارێکی چەکی پێبوە کە پێکھاتبو لە زیاتر لە (٢٥٠) دەمانچە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەر لەسەر ئەم کەیسە لێکۆڵینەوەی ورد دەستی پێکرد و زانیاری زیاتر بەدەستھات لەسەر کۆگایەکی نھێنی کە سەدان چەک و ھەزاران فیشەک و پێویستی و پارچەی یەدەکی چەکی تێدا حەشاردراوە."

ئاسایشی سلێمانی وتوشیەتی"لە ئۆپراسیۆنێکدا بە ھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە ناحیەی تەکیە سەربە قەزای چەمچەماڵ لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداریدا (کایەندا) بارێکی تری چەکی ھەمان قاچاخچی دەستیبەسەرداگیرا کە پێکھاتبو لە زیاتر لە (٣٠٠ کڵاشینکۆف و دەمانچە، ٥٠٠٠ فیشەک و دەیان جۆر لە پێویستی و پارچەی یەدەکی چەک) کە ئامادەکرابو بەقاچاخ مامەڵەی پێوەبکرێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "تەواوی کەیسەکەش روبەڕوی دادگا کرایەوە بۆ رێوشوێنی یاسایی پێویست."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×