پلاسخارت و باڵیۆزی ئێران له‌عێراق كۆبونه‌وه‌
  2022-12-02       446       

جێنین  پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە كۆبونەوەیەكی نێوانیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی عێراق و سەقامگیریی وڵاتەكە راگەیاند.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە، جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە باڵیۆزخانەی ئێران کۆبونەوە.

بەپێی ئاژانسی ئێرنای ئێرانی "هەردولا باسیان لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ناوچەکەش کردوە، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکان و پشتیوانیکردنی عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی ئەم وڵاتە."

 پلاسخارت لە کۆبونەوەکەدا وەکو ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەی بۆ کردوە باسی لە "رۆڵی پۆزەتیڤ"ی هەماهەنگی نێوان ئێران و عێراقی کردوە لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەكە و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیپێدانی کردوەتەوە.

 محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لەو کۆبونەوەیەدا سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ ئێران بە "هەنگاوێکی گرنگ و نایاب" وەسف کردوە.

 باڵیۆزی ئێران داوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی و ناوچەكە، هەروەها ئاماژەی بۆ کاریگەریی ئاسایشی عێراق لەسەر ئاسایشی دراوسێیەکانی و سەقامگیریی ناوچەکەی کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×