لە بۆردومانەكەی ئەمڕۆی توركیا لەسنوی شارباژێر، هاوڵاتییەك شەهیدبو و دوانیش بریندارن
  2022-12-02       386       

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTی ئەمریکی، رایگەیاند، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا، ئەمڕۆ هەینی، لە سنوری قەزای ماوەتی سەربە شارباژێر، ژمارەیەك راوچی كردونەتە ئامانج و لە ئاكامدا یەكێكیان شەهیدبوەو دوانی دیكەشیان برینداربون.

ئاوێنە: تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTی ئەمریکی، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەداخەوە، ئەو هاوڵاتیە مەدەنیەی کە ئەمڕۆ لە بۆردومانەکەی تورکیادا بۆسەر شاخی کێلەشین لە گوندی زەرونی سەربە قەزای ماوەت بێسەروشوێن بو، ئێستا بە کوژراوی تەرمەکەی لەلایەن براکەیەوە دۆزرایەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"تا ئێستا لە بۆردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیادا بۆ سەر شاخی کێلەشین هاوڵاتیەک بەناوی (عەزیز محەمەد ڕەسوڵ) شەهیدبوەو دو هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربون."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "سەرجەمی قوربانیەکان خەڵکی گوندی قامیشن. لە ئێستادا کاک سەعید برای شەهیدەکە کە یەکێکیشە لە ڕزگاربوانی بۆردومانەکە، چاوەڕێی تیمەکانی فریاکەوتنە بۆ گواستنەوەی یەکێک لە بریندارەکان و تەرمی قوربانیەکەو هەمویان لە شاخی کێلەشین گیریان خواردوە."

بەرلەوە رێكخراوەكە لە راگەیەندراوێكدا وتبوی"فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، پێنج جار بەسەختی بۆردومانی شاخی کیلەشین لە سنوری گوندی زەرونی سەر بە قەزای ماوەتیان کردو چوار ڕاوچیان بە ئامانجگرت. لە ئەنجامدا دو ڕاوچی برینداربون و یەکێکی تریش لە ڕاوچیەکان بێ سەروشوێن بوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×