وەزیری كۆچی عیراق: زیاتر لە ٦٠٠ خێزانی ئاوارە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان
  2023-01-06       518       

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە زیاتر لە ٦٠٠ ئاوارە بۆ پارێزگای نەینەوا باكووری رۆژئاوای عیراق گەڕوانەتەوە و بەردەوام دەبن بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەكان لە وڵاتدا.

ئاوێنە: ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك ئاماژەی بەوە کردووە، بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و سەرجەم دەزگا و ئاژانسەكانی ئەمنی و هەواڵگریی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، ٦٣٣ ئاوارە بەشێوەی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە ناوچەكانی نیشتەجێبوونی خۆیان لە گوندی بەرزان لە ناحیەی زوومار رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.

بە وتەی ناوبراو، لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ كار دەكەن بۆ سوومەندبوونی ئەو خێزانە گەڕاوانە بە بڕێك پارە و دروستكردنەوەی خانووە رووخاوەكانیان لە گوندەكانیاندا، هەروەها سوودمەندبوونیان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كار و دەستبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆیان.

ئیڤان فایەق دەڵێت، كە وەزارەتەكەی بەردەوام دەبێت لە كاركردن بەپێی كارنامەی حكومەت بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەكان لە وڵاتدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×