"پێدەچێت بە هاتنی مەكگۆرك و قائانی بۆ بەغدا قەیرانی دۆلار و كڕینی گاز لە ئێران هێورببێتەوە"
  2023-01-18       992       

بەرپرسێکی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت، پێدەچێت سەردانی هاوكاتی دوو بەرپرسی باڵای ئەمریكا و ئێران بۆ بەغدا، هاوكار بێت لە هێوركردنەوەی قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و كڕینی غاز لە ئێران.

ئاوێنە: رۆژنامەی 'المدی' لە زاری سەرکردەیەکی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەڵێت، "بەرپرسێكی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە سەردانی مەكگۆرك و قائانی رێككەوت نییە و پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، برێت مەكگۆرك، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق پرسی گروپە چەكدارییەكانی ورووژاندووە، لەكاتێكدا سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدا پەیوەست بووە بە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە. 

رۆژنامەکە دەڵێت، سەردانی برێت مەكگۆرک و ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا لە كاتێكدایە، عێراق رۆڵی ناوبژیوان دەگێڕێت، بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانە شكستخواردووەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق چاوەڕوانی ئەوەی لەم سەردان و دیدارانە هەیە کە ببنە هۆکارێک بۆ"هێوركردنەوەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و رێگەدان بە عێراق كە گازی ئێران بە دۆلار بكرێت لەبری دینار."

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، مەکگۆرک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عیراقدا جەختی کردووەتە کە ئەمریکا بە هەموو جۆرێک "پشتیوانی حکومەتی ئێستا" دەکات و سەربازەکانی راوێژ بە سوپا و هێزەکانی عیراق دەکەن بۆ رووبەرووبوونەوەی چەکدارانی داعش و بەردەوامبوونی رێککەوتنی ستراتیژی بە مەبەستی نەهێشتنی تیرۆر. 

هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پێشوازی لە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی بەغدا-2 دەکات و کە تایبەتە بە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هاوبەش لە نێوان عێراق و وڵاتانی دەوروبەری و بە کارێکی گرنگ ناویدەبات. 

ئەم جموجوڵە لەكاتێكدایە كە سودانی بەنیازە بچێتە ئەمریكا و لێدوانە ئەرێنیەكانی چەند رۆژی رابردووی سودانی سەبارەت بە ئەمریكا و مانەوەی هێزەكانی لە عێراق، بۆ سەرۆك وەزیرانێكی "نزیك لە گروپە چەكدارییەكان کارێکی جێگەی سەرسورمان بوو".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×