سەردانی وەفدەکەی عێراق بۆ ئەمریکا دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار
  2023-02-03       455       

ئاژانسی ئەستۆشێتد پرێس لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات پێشبینی دەکرێت سەردانەکەی وەفدی عێراق  بۆ ئەمریکا لەبارەی پرسی دۆلارەوە ببێتە ڕێگەی چارەسەری قەیرانی دۆلار.

لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی سەپاندنی سزاکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆسەر عێراق بەهۆی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار، ئاژانسی ئەستۆشێتد پرێس دەڵێت، سەردانی وەفدەکەی عێراق بۆ واشنتن چارەسەری قەیرانەکەی بەدوادادێت، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات ناوهێنانی بردنە دەرەوەی دۆلار لەوەی کە پەیوەست بێت بە دۆخی ئابوری عێراقەوە بەشیوەیەکی کاتی لەلایەن شیاع سودانیەوە درووستە ولەجێی خۆیدایە.

لەبارەی زیانی سزاکانی سەر عێراقیشەوە لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ئەستۆشێتد پرێسدا هاتووە کە کۆت و بەندە سەپێنراوەکانی ئەمریکا بەسەر کەرتەکانی ئابوری و بانکی عێراق و دانانی مەرجی وەرگرتنی رەزامەندی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی پارە لە بانکەکانی ئەمریکاوە بۆ عێراق، بووەتە هۆکاری ئەوەی بڕی داواکاری گواستنەوەی پارە بە رێژەی ٨٠% کەمببێتەوە و  ببێتە مایەی کەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا.

هاوکات  ئاژانسی ئەستۆشێتد پرێس دەڵێت، بەهۆی کۆت و بەندەکانی ئەمریکاوە لەسەر بانکی ناوەندی عێراق، تەنھا کێشە بۆ گواستنەوەی پارە لە ئەمریکاوە بۆ عێراق دروست نەبووە، بەهۆیەوە ھەندێک مامەڵە و گواستنەوەی  پارە ١٥ رۆژی پێدەچێت، ئەمەش وایکردووە هاوردەی دۆلار لەبانکەکانی عێراقەوە بەڕێژەی ٩٠٪ کەم بکات بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی دوو مانگە بانکی ناوەندی عێراق بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بەهۆی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار لە قەیراندایە و بەردەوام بەهای دۆلار بەناجیگیری لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا ماوەتەوە ونرخێکی پێوانەیی تۆمارکردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت تۆمارکردنی مامەڵەکان لە سیستەمی بانکی سویفتەوە بووەتە هۆکاری ئاشکرابوونی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار و عێراق بەدەست گەندەڵیەوە دەناڵێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×