بومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.7 لەم ناوچانەی كوردستان رویدا
  2023-02-04       331       

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر رویدا؛ چەقی بومەلەرزەکە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە و لە سنوری خانەقین و بەشێکی ئیدارەی گەرمیان هەستی پێکراوە.

 ئاوێنە: بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی بومەلەرزەزانیی ئێران، سەعات 05:51 خولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 بە پلەی رێختەر لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر و لە دوریی 16 کیلۆمەتر لە شاری قەسری شیرین و دوریی 24 کیلۆمەتر لە خانەقین رویدا.

 ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی بە روداوی وت: "بومەلەرزەکە لە ناوچە سنورییەکان بوە؛ لە خانەقین و گەرمیان هەستی پێکراوە، چونکە بەهێز بوە".

 ئاسۆ کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوچەیەی بومەلەرزەکە تێیدا رویداوە لەسەر هێڵی بومەلەرزەیەو "رۆژانە بومەلەرزە تێیدا رودەدات".

 محەمەد حەیدەری، قایمقامی شاری قەسری شیرین لەوبارەوە رایگەیاند، دوای بومەلەرزەکە ناوەندی کۆنترۆڵی قەیران کەوتە ئامادەباشییەوەو تیمەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان بەڕێکران و بەپێی لێکۆڵینەوەکان، زیانی نەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×