لە هەولێر دو كەس بەتۆمەتی هەڕەشەكردن لە ئافرەتان دەستگیركران
  2023-02-08       250       

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، رایگەیاند، دو تۆمەتباریان دەستگیر کردون کە هەڕەشەیان لە ئافرەتان کردوە.

ئاوێنە: هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی''دوای سکاڵای ئافرەتێک بەوەی کە دو تۆمەتبار هەڕەشەیان لێ کردوە، دەست کرا بە لێکۆڵینەوەو لە بۆسەیەکدا هەردو تۆمەتبار دەستگیر کران."

ئەوەشی خستەڕو، ئەو دو تۆمەتبارە خەڵکی هەولێرن و لە کاتی دەستگیرکرانیان کۆمەڵێک کەلوپەلی پەیوەندیی وەک مۆبایل و نزیکەی شەش ملیۆن دینار و دو چەک و زیاتر لە 20 مۆبایل و سەدان کارتی مۆبایل و سیمکارتی کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییان لێ گیراوە.

هۆگر عەزیز وتیشی''لە مۆبایلی ئەو تۆمەتبارانەدا وێنەی چەندین ئافرەت هەبو کە هەڕەشەیان لێ کردون، بۆیە ئێستا ئاڕاستەی بەردەم دادوەر کراون و لێکۆڵینەوەش بەرەوامە."

وتەبێژی پۆلیس داوایشی لە هەمو ئەو ئافرەتانە کرد کە هەڕەشەیان لێ کراوە و تاوانباران دەناسنەوە بچنە بنکەکانی پۆلیس و سکاڵا تۆمار بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×