رۆیتەرز: سودانی بەدوای رێگەچارەیەكدا دەگەڕێت بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم
  2023-02-17       744       

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەدوای رێگەچارەیەكدا دەگەڕێت بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی پێشێلی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بكات. دەشڵێت، رەنگە پارتی پشتیوانی خۆی بۆ حكومەتەكەی سودانی بكێشێتەوە ئەگەر بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكات، بەڵام وتەبێژی حكومەتی هەرێم رەتیدەكاتەوە پارتی هەڕەشەی لەو شێوەیە بكات.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە دوای زیاتر لە ساڵێک لە بنبەستی سیاسی، پێدەچێت محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، روبەڕوی قەیرانێكی نوێی تاقەتپڕوكێن لەگەڵ سەركردایەتی كورد ببێتەوە کە ئەوەش هەڕەشەیە لەسەر لاوازبونی هەوڵەكانی لە دانانی سیاسەت و داڕشتنی بودجەیەك كە دەوڵەت زۆر پێویستی پێیەتی.

سودانی کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردودا حکومەتەکەی پەسەندکرا، بەڵێنی داوە بە ئەنجامدانی چاکسازیی ئابوری،  بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەرەنگاربونەوەی هەژاری و بێکاری.

رۆیتەرز نوسیویەتی"بەبێ پشتیوانی پارتی دیموکراتی كوردستان، كە خاوەنی 31 كورسی پەرلەمانەو هاوكاری بو بۆ گەیشتنە دەسەڵات، سودانی روبەڕوی ئاستەنگ دەبێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای حكومەتەكەی."

بەوتەی دو پەرلەمانتاری عێراق و بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم كە بۆ ئاژانسەكە قسەیان كردوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەنگە پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتەكەی سودانی بكێشێتەوە، ئەگەر حكومەت شكستی هێنا لە پابەندبون بە بەڵێنەكانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە دێرینەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەروەها سێ بەرپرسی كورد بە ئاژانسەكەیان وتوە، بەگوێرەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، دەبێت كۆتایی بە ناكۆكی نێوان بەغداو هەولێر لەبارەی ناردنی پشكی هەرێم لە بودجەو هەروەها كۆتایی بە ناكۆكی لەسەر داهاتی نەوت بهێنرێت.

بەگوێرەی قسەی یەكێك لەو بەرپرسە كوردانە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕونی ئەوەی خستۆتەڕو، ئەگەر سودانی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات، ئەوا دەست لە پشتیوانیکردن لە سودانی هەڵدەگرن.

شوان تەها، وتەبێژ بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە رۆیتەرزی وتوە: هەندێک هێزی سیاسی هەن هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ئێمە دەدەن، ئێمە ئەمە ڕەتدەکەینەوەو قبوڵی ناكەین.

رۆژی دوشەممە وەفدێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بون بۆ تاوتوێکردنی بودجە و یاسای نەوت و غاز. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبونەوەکان بە رۆیتەرزی راگەیاندوە، هەولێر و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و غاز هێشتا دورن لە یەكدییەوە.

رۆیتەرز ئاماژەی بە بڕیارەكەی مانگی 1ی ئەمساڵی دادگای فیدراڵی داوە كە تێیدا ناردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان بە نایاسایی ناوبردبو. لەوبارەیەوە راوێژكارێك كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت بە ئاژانسەكەی وتوە، سودانی تیمی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بەبێ پێشێلكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.

بەوتەی ژمارەیەك پەرلەمانتار، ئەكتەرە سیاسییەكانی دیكەی بەرەكەی سودانی پێیانوایە ئەو گرژییەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروستكراوە لەڕێگەی بەكارهێنانی بڕیارەكانی دادگاوە، تاكتیكێكی سیاسی پێویستە بۆ ئەوەی هەڵوێستی دانوستانكارانەی سودانی لەگەڵ هەرێم بەهێزتر بێت.

بەڵام جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، هیوای بەوە هەیە كە لەگەڵ حكومەتی عێراق بگەنە چارەسەرێكی مامناوەندو ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری ناوبراوەوە وتویەتی، رۆژی یەكشەممەی داهاتو وەفدی حكومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغداو رەتیشیكردۆتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشەی كشاندنەوەی پشتیوانی خۆی بۆ حكومەتەكەی سودانی بكات.

جوتیار عادل وتوشیەتی"ئاستەنگ لەسەر رێگەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هەن. بەڵام نیەتێکی جددی و ڕاستەقینەش هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، هەروەها هەستیشمان بە جددیبونی سودانی كرد بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×