عەلی عەلاق: نابێت نرخی فەرمیی دۆلار لە 132 هەزار دینار زیاتر بێت
  2023-02-17       651       

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەلی عەلاق، ناوەڕۆکی دوایین گفتوگۆکانی بانکی ناوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئاشکرا کرد، دەڵێت نزیکین لە "پاکێجێکی چارەسەر".

ئاوێنە: عەلی عەلاق رایگەیاند "ئامانجی سەردانەکە بۆ ئەوەیە چۆن سیستمی حەواڵەی دەرەکی دەتوانێت خۆی لەگەڵ پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییە نوێیەکەدا بگونجێنێت و گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی بانکە باوەڕپێکراوەکانی نێودەوڵەتییەوە بە شێوەیەک بێت کاریگەریی لەسەر حەواڵەکردنی دەرەکی نەبێت" بۆ ڕێگریکردن لە روودانی بۆشایی گەورە لەنێوان دابینکردن و خواستدا.

پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکرد "هەستمان بە تێگەیشتنێکی گەورە کرد لە کاری هاوبەش بەمەبەستی دابینکردنی ئاسانکاری و فراوانکردنی شوێنەکانی حەواڵە و فرۆشتنی دۆلار".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێمە کار دەکەین بە مەبەستی هێنانی بازرگان بۆ ناو سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان لە بانکی ناوەندی و لە سەروبەندی دەرکردنی پاکێجی نوێی ڕێنمایی و ئاسانکاریداین بۆیان".

عەلاق ئاماژەی بەوەشدا "بەرزکردنەوەی بەهای دینار دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد هاتە ئاراوە و نامانەوێت هاوڵاتی باجی بەرزکردنەوەی نرخ لە ئەستۆ بگرێت".

روونیشیکردەوە "نابێت نرخی فەرمی لە 132 هەزار دینار زیاتر بێت، بانکی ناوەندیش پابەندە بەوەوە، ئێمەش بەم نرخە دۆلار مسۆگەر دەکەین، هەروەها ئەوەی لە ئێستادا لە بازاڕدا ڕوودەدات لە گرانیی نرخی دۆلار، شتێکی ئاسایی نییە".

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، “بانکی ناوەندی ناتوانێت وەک بانکی بازرگانی مامەڵە بکات و دۆلار بە هەموو کەسێک بفرۆشێت جگە لە بانک و کۆمپانیاکان، بەڵام هێڵێکی گەرممان کردووەتەوە بۆ بەدواداچوون بۆ سکاڵا و کێشەکان”.

عەلاق ڕاشیگەیاند، "گفتوگۆکان لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زۆر بەرهەمدار بوون، هەروەها دووپاتی کردەوە کە دیناری عێراقی بەهێزە و پشت بە یەدەگە گەورەکەی دەبەستێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×