حەوت مانگە موچەی سەدان کارمەندی سەر بە میدیا و ريێکخراوەکانی مەلا بەختیارە راگیراوە
  2023-02-20       1323       

حەوت مانگە لەلایەن بەشی مووچەی سەر بە مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەكێتی و لەسەر بڕیاری بافڵ، موچەی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر راگیراوە و سەدان كارمەند نانبڕاو كراون.

كارمەندێكی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێرە، لەوبارەوە بە"میدیایەکی پارتی'' راگەیاندوە، ئێستا هەر كارمەندێك كە سەر بەچاودێر بێت و بیەوێ لە مەڵبەند و مەكتەب و ئۆرگانە حزبییەكانی تری یەكێتی كاری  گواستنەوەی راژەی بۆ بكرێت، بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە، چونكە ئیدارەی گشتی لەسەر بڕیاری بافڵ بەشی ژمێریاریی مەڵبەند و ئۆرگانەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە ئەوانەی سەر بە تۆڕەكەی مەلا بەختیارن ناتوانن مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێتەوە.

ئەو كارمەندەی چاودێر روونی كردەوە، راستە كێشە لە نێوان زاوا و خەزووردا هەیە، بەڵام لەلایەك خەمساردی و بێ دەسەڵاتی مەلا بەختیار، كە سەرپەرشتیاری تۆڕەكەیە و هیچی بۆمان پێ نەكراوە، لەلایەكی ترەوە سیاسەتە هەڵەكانی بافڵ و دژایەتییەكانی خەزووری، وای كردووە كە حەوت مانگە زیاتر لە 100 كارمەندی تۆڕی چاودێر مووچەكانیان رابگیرێت، ئەوەش ستەمێكی گەورەیە لێمان كراوە.

بەپێی زانیارییەكان ئێستە ژمارەیەكی زۆر لەو كارمەند و رۆژنامەنووسانەی سەر بە تۆڕەكەی مەلا بەختیارن، بەشێكیان لە ماڵەوەن و بەشێكی تریشیان لە میدیا سێبەرەكانی دەرەوەی یەكێتی كار دەكەن، ئەوانەشی كە مووچەیان لەسەر گەنجینە و وەزارەتەكانی تری حكوومەتی هەرێمە، هەفتانە رۆژێك یان دوو رۆژ دەچنەوە تۆڕی چاودێر و بە تەواوی چالاكییەكانیان وشكی كردووە.

تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، لە هەریەك لە سایتەكانی (چاودێر، گەلاوێژ، دابڕان و روانگە و رەخنە) و (بنكەی ئەدەبی و رووناكبیری گەلاوێژ) و فێمێنیزم رۆشنگەری و پلاتفۆرمەكانی دابڕان و رادیۆی مەدەنیەت و هۆڵی دیالۆگ و چەند گۆڤارێك پێك هاتووە.

دوایین مووچە لە رێككەوتی 6ی تەمووزی 2022 بە كارمەندەكانیان دراوە، ئێستەش جگە لە سایتی چاودێر و دابڕان و چالاكییەكی رۆژانی شەممە، ئەوانی تر بە تەواوی كارەكانیان راگیراوە و لە كۆی زیاتر لە 100 كارمەند، نزیكەی 10 تا 20 یان بە شێوەیەكی بچڕ و بە هاوكارییەكی رەمزی مانگانەی مەلا بەختیار بۆیان دەچنەوە دەوام.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×