ئەمشەو دوشەممە، دو بومەلەرزە لە پارێزگای هاتای توركیا رویاندا یەكەمیان گوڕەكەی 6.4 پلە و دوەمیان گوڕەكەی 5.8 پلەبوە بە بەپێوەری رێختەرو لە چەند ناوچەیەكی سوریاو هەروەها دانیشتوانی دهۆك و هەولێر هەستیان پێكردوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی كارەسات و فریاكەوتنی توركیا ناسراو بە ئافاد، بومەلەرزەی یەكەم كە گوڕەكەی 6.4 پلە بوە لە سەعات 8:04 خولەك رویداوەو چەقەكەی شارۆچكەی دفنی بوە لە پارێزگای هاتای.
قوڵایی بومەلەرزەی یەكەم 16.7 كیلۆمەتر بوەو دانیشتوانی ناوچەكانی دەوروبەری هاتای و هەروەها لە بەشێك لە ناوچەكانی باكوری سوریاو لە دهۆك و هەولێریش هەستی پێكراوە.
بەپێی راگەیەندراوی ئافاد، دوابەدوای ئەوەش بومەلەرزەیەكی دیكە بە گوڕی 5.8 پلە لە پارێزگای هاتای رویداوە كە ناوەندەكەی شارۆچكەی سامانداغ بوە و قوڵاییەكەی 7 كیلۆمەتر بوە.
فواد ئۆكتای، جێگری سەرۆكی توركیا داوای لە راگەیەندراوێكدا داوا لە هاوڵاتیان دەكات لەو باڵەخانانەی كە زیانیان بەركەوتوە دور بكەونەوە.