سێ بەندكراوی كورد لە ورمێ لە سێدارەدران
  2023-03-10       651       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، سزای لە سێدارەدانی سێ بەندكراوی كورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێكرا. سزای دوان لەو بەندكراوانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی و سزای ئەویدیكەیشیان بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە، جێبەجێكراوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سزای لەسێدارەدانی ساڵح قاسمی، تەمەن 53 ساڵ و خەڵکی "زیندەشت" سەر بە ورمێ و مەنسور عەبدی زادە خەڵکی شاری سەڵماس لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێکرا.

ساڵح قاسمی بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و مەنسور عەبدی زادە، بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابو.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە، هاوكات بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی کوڕێكی ساڵح قاسمی، بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و لە دۆسییەیەکی هاوبەشی دۆسییەکەی باوکی، ڕاگیرا.

بەپێی راپۆرتەكەی هەنگاو، بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممەش سزای لە سێدارەدانی هاوڵاتییەكی كوردی خەڵكی نەغەدە بەناوی جەلال سەرداری فەڕ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێكراوە.

جەلال سەرداری فەر، سێ ساڵ لەمەوبەر بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، دەستگیركراو دواتر لەلایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەكانی هەنگاو، لە ماوەی دو مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا سزای سێدارەی لانیکەم 33 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×