مەسعود بارزانی: نابێ سیغەیەكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردن بەسەر پێكهاتەكانی هەرێمدا بسەپێندرێت
  2023-03-18       880       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت و "نابێ هیچ دەستوەردان لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت و، ئیرادە و سیغەیەكی دیاریكراو بەسەر پێكهاتەكانی هەرێمدا بسەپێندرێت."  دەشڵێت، خودی پێكهاتەكان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان هەر سیستەمێك بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە سەلاحەددین میوانداریی ژمارەیەكی زۆر لە باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و نیوەڕۆخوانێكی بۆ ساز كردن.

بەپێی راگەیەندراوەكە، بارزانی لە وتەیەكدا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوەی خستەڕو، "دەرفەتێكی باش بۆچارەسەركردنی كێشەكان لەئارادایەو ئیرادە و خواستێكیش دەبیندرێت بۆ ئەوەی كێشەكان بە لێكتێگەییشتن و بە پشتبەستن بە دەستور و لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنانە چارەسەر بكرێن كە لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بەستراوە."

بارزانی سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردوی محەمەد شیاع سودانی بۆ هەرێمی کوردستان بە دەرفەتێکی باش بۆ لێکتێگەییشتنی زیاتری نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەمەڕ نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەقەڵەم دا

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، مەسعود بارزانی هێمای بە پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش دا و جەختی لەوە كردەوە كە "بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت." و ئەوەشی ڕاگەیاند كە "هاوكاری و هەماهەنگییەكی باش لەنێوان تیمە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەیە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پەیوەست بە مافی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا بارزانی ئەوەی دوپات كردەوە كە "نابێ هیچ دەستوەردان لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت و، ئیرادەو سیغەیەكی دیاریكراوە بەسەر پێكهاتەكانی هەرێم بسەپێندرێت. دەبێ ڕێز لە ئیرادەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بگیرێت و خودی پێكهاتەكان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان هەر سیستەمێك بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×