وەزارەتی دارایی: هاوشێوەی مانگەكانی رابردو پارەی پێویستمان بۆ موچەخۆرانی سلێمانی ناردوە
  2023-04-19       380       

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رونكردنەوە لەبارەی سستی دابەشكردنی موچەی چەند وەزارەتێك لە سلێمانی دەدات رەتیدەكاتەوە هۆكارەكەی ئەوە بێت كە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ موچە نەناردبێت و دەشڵێت: هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردو پارەی پێویست بۆ موچەخۆرانی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمشەو چوارشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە سەبارەت بە سستی دابەشکردنی موچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ موچە نەناردوە."

وتوشیەتی"هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردو پارەی پێویست بۆ موچەخۆرانی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەک کە کۆی گشتی ٢٨٩ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار بوە کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠٪ تێکڕای موچەی موچەخۆرانی ئەو سنورە."

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە "کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ موچە لە سنوری سلێمانی ٣٦٢ ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دینارەو ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێرو دهۆک."

ئەوەشی خستۆتەڕو"وەک پێشتریش بڵاومانکردەوە ڕێکەوتن لەسەر پشکی (٥٧٪) و پشکی (٤٣٪) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییەو زۆر دژیەتی، کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت ڕێکەوتنی لەسەر کراوە."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "کێشەی کورتهێنان و کەمبونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییەو لەساڵی ٢٠٢١وە دەستیپێکردوە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "وەزیری دارایی هەمو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری کێشەو گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستۆتەگەڕو بەهەوڵی جەنابیان مانگی پێشوتر بڕی ٣٤ ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لەوەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بانکەکانی سلێمانی کراوەو لەمانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوش جارێکی تر بڕی ٢٩ ملیار دینار لەدەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە."

بەقسەی وەزارەتی دارایی "کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە" و دەكرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە:

١- کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاکە.                                       ٢-ڕێکەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی (٤٣٪) بە (٥٧٪).

٣- نەمانی پارەی کاش (سیولە لە بانکەکان).

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×