نرخی گۆشتی سور دادەبەزێت
  2023-05-10       691       

دوو هەفتەیە بەردەوام نرخی گۆشتی سوور رووی لە دابەزین كردووە، پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمڕۆ كیلۆی هەزار دیناری تریش دابەزێت.

ئاوێنە: بەپێی دواین نرخ كە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێرەوە دەستكەوتووە، تا دوێنێ‌ نرخی گۆشت لەگەڵ دوو هەفتەی رابردوو، هەزار دینار بۆ هەزار و 500 دینار دابەزینی تۆمار كرد، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆش هەزار دیناری تر دابەزێت.

سەعدوون كەریم ئاژەڵفرۆشێكی ناو بازاڕەكەیە و رایگەیاند، بڕیار دەرچووە رێنەدرێت ئاژەڵی زیندوو بۆ شارەكانی عێراق بچێت، ئەمەیش وادەكات راستەوخۆ نرخی ئاژەڵی زیندوو هەرزان بێت.

وتیشی، ئێستا رێ‌ كراوەیە و ئاژەڵ لە وڵاتانی تریش دێ‌، ئەمە سوود بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و نرخی گۆشت تا ڕۆژی شممە، هەزار دینار بۆ هەزار و 500 دینار هەرزانتر دەبێت، بەڵام زیان لە بەخێوكەرانی ئاژەڵ دەدات.

باسی لەوەش كرد، لەم هەفتەیە نرخی گۆشتی بەرخ بە زیندە قەپان، كیلۆی شەش هەزار و 500 دینار بۆ حەوت هەزار دینار بووە، كار كیلۆی بە شەش هەزار و 500 دینار بووە، گیسك كیلۆی بە شەش بۆ شەش هەزار و 500 دینار بووە، گۆلكەنێر كیلۆی بە شەش هەزار و 700 دینار بۆ حەوت هەزار دینار بووە.

بە وتەی ئەو ئاژەڵفرۆشە، دابەزینی نرخەكە وا دەكات لەلای گۆشتفرۆشەكانیش نرخی گۆشت هەرزانتر بێت، كاریگەرییەكەشی لە هەفتەی داهاتوو دەردەكەوێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×