ئەردۆغان پەیامێك ئاڕاستەی كورد دەكات
  2023-05-11       784       

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار، پەیامێك ئاڕاستەی گەلی كورد لە توركیا دەكات و خۆی بە پارێزەری مافەكانیان دەزانێت.

ئاوێنە: ئەردۆغان ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیامێكی چەند خاڵی ئاڕاستەی گەلی كورد كردووە و نوسیویەتی "برا كوردە خۆشەویستەكانم، هەركەسێك بیەوێت دەست بۆ مافەكانتان ببات، تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانی جمهور رێگریی لێ دەكات". 
ئەردۆغان دەڵێت "كەس ناتوانێت هەڕەشە لە خوشك و برایانی كورد بكات و بە زەبری چەك ئیرادەی كۆنترۆڵ بكات" .

ئەردۆغان لە پەیامەكەیدا دەشڵێت "كەموكوڕیمان هەیە و شتانێك هەن ویستوومانە ئەنجامیان بدەین و پێمان نەكراون، بەڵام دەسكەوتەكانمان بۆ ماف و ئازادییەكان بۆ توركیا دیارن". 

هەروەها نوسیویەتی "هەركەسێك هەوڵ بدات چەك بە منداڵە داماوەكانی كورد بدات بۆ ئەوەی سەرباز، پۆلیس و هاوڵاتییانمان بە ئامانج بگرن، ئێمە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە". 

بەوتەی ئەردۆغان، هەوڵی جدییان داوە بۆ ڕێگری كردن لە گریانی دایكان، بۆ ڕێگری كردن لە جەرگ سوتان. دەڵێت "ئێوە نزیكترین شاهیدی هەوڵ و تێكۆشانی دڵسۆزی ئێمەن".

كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار، دەشڵێـت "تا ئەمڕۆش خەباتمان كردووە بۆ ئەوەی مافەكانتان كە وەك شیری سپی دایكتان حەڵاڵە، بە ئێوە بگەیەنین".

توركیا ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو، واتە چواردەی مانگی ئایار، شایەتحاڵی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی دەبێت، كە گرنگترین هەڵبژاردنە لە مێژووی "كۆمار"دا، و دوای زیاتر لە ٣ مانگ لە بوومەلەرزەیەكی وێرانكەر لە باشووری ئەو وڵاتەی گرتەوە و هەزاران كوژراوی لێكەوتەوە و زیانێكی زۆر بە ژێرخانی توركیا گەیاند.

چوار كاندید بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار كاندید دەكەن، ئەوانیش ئەردۆغان، كلیچدارئۆغڵو، موحەڕەم ئینجە و سینان ئۆغانن، پارتی چه‌پی سه‌وز كه‌ نوێنه‌رایه‌تی كوردانی باكور ده‌كات ده‌نگ به‌ كه‌مال كلیچدارئۆغلۆ ده‌دات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×