قوباد تاڵەبانی: دابەشكردنی بودجەی هەرێم بەشێوەی 43% بە 57% نامێنێت
  2023-05-24       539       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و بەو رێککەتننەی نێوان بەغدا و هەولێر، رەنگە کێشەی نەوت بە یەکجاری کۆتایی پێبهێنرێت. دەشڵێت: ''دابەشکردنی بودجە بە شێوەی 43٪ بە 57٪ نامێنێت" و بەو میكانیزمە نوێیەش كە بڕیاریان لەسەرداوە دابەشكردنی موچە لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم لە یەک کاتدا دەبێت.

 ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، ئەمشەو چوارشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی روداودا، لەبارەی ئەنجەمەكانی بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی یەكێتییەوە، وتی، دوای گەڕانەوەیان بۆ کۆبونەوەکان توانیویانە باسی زۆر لە گرفتەکان بکەن و چارەسەر بکرێن.

 جێگری سەرۆكی حكومەت وتی، لە دانیشتنەکەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران کە ''بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە رویان لە هەرێمی کوردستان کردوە و رەنگە لە داهاتوشدا رو لە هەرێمی کوردستان بکەن بو، گەیشتینە لێکتێگەیشتن." جەختیشی كردەوە كە هیچ کام لە گرفتەکان، گرفتی "کەسی" نەبون.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ئەو گرفتانەی لە ئارادا بون، پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەبو و ''خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم لەم دانیشتنەدا کە پڕ بو لە دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی هەردولا، توانیمان بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بکەین، چەند بڕیارێک لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەرکرا کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندابو."

 لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دراوە، قوباد تاڵەبانی وتی، بڕیاری یەکەم پەیوەندی بە داهات و خەرجییەوە هەبو، کە بە چ شێوەیەک داهات شەفافتر بکرێت، خەڵک متمانەی هەبێت و چاودێری لەسەر ئەو شوێنانەی کە داهاتی لێ کۆدەکرێتەوە هەبێت.

لەبارەی بەرنامەی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی قاچاخ لە دەروازە سنورییەکان، جێگری سەرۆکوەزیران وتی''بۆ نەهێشتنی گومان و ئەو قسە و قسەڵۆکانە، دەبێ وەکو یەک تیم کار بکەین و بەرەوڕوی گرفتەکان ببینەوە، بڕیاردراوە میکانیزمێکی نوێ دابڕێژین بۆ کۆکردنەوەی داهات و چۆنییەتی خەرجکردنی."

 قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، دابەشکردنی بودجە بەشێوەی 43٪ بە 57٪ نامێنێت و هەمو داهاتەکە لای وەزارەتی دارایی کۆدەکرێتەوە و بەو میکانیزمێکی نوێ لەنێوان موچەخۆران و خەرجییەکانی دیکە دابەش دەکرێتەوە.

 قوباد تاڵەبانی وتیشی، لەمەودوا داهات لە سەرجەم بازگەکان، فڕۆکەخانەکان، خاڵە سنورییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کۆدەکرێتەوە و هەموی دێتەوە نێو گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە روی خەرجیشەوە، موچەی موچەخۆران لە پێشینەی سەرجەم خەرجییەکان دەبێت.

بەوتەی جێگری سەرۆکی حکومەت، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پارێزگاکان دەردەکرێت و دەبێتە خەرجییەکی سیادی، ''بۆ ئەوەی هەمو موچەخۆران بتوانن لە یەک کاتدا موچەی خۆیان وەربگرن."

 هەروەها وتیشی، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکەوە سەرپەرشتیی پڕۆسەیەک دەکەن، بۆ داڕشتنی میکانیزمێک تاوەکو خەرجییەکانی پەرەپێدانی پارێزگا، بەکاربردن (تەشغیلی)، خۆڵ و خاشاک، دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی دامودەزگاکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان خەرج بکرێن.

جێگری سەرۆکی حکومەت پێیوایە بەو رێککەوتنە نوێیە لە نێوان تیمەکانی وەزاریی یەکێتی و پارتی، هەروەها رێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە لەگەڵ عێراق، کێشەی دارایی لە هەرێمی کوردستان نامێنێت و موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەشدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×