سەرۆکایەتی هەرێم: گرنگ نییە كێ سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەكات، گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردن بكرێت
  2023-06-03       752       
دڵشاد شەهاب

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، گرنگ نییه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كێ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات‌و به‌چ یاسایه‌ك ده‌كرێت، گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت‌و هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی‌. 

ئاوێنه‌: دڵشاد شەهاب به‌میدیاكانی‌ پارتی‌ وتووه‌، "به‌داخه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕوبه‌ڕوی‌ حاڵه‌تێكی‌ ناخۆش بۆته‌وه‌و [دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق] كه‌ ئه‌ویش غیابی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانانه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی‌ له‌سه‌ر كۆی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی هه‌رێم به‌جێده‌هێلێت".

وتیشی‌، دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌مو ڕێكارێكی‌ پێویست ده‌گرێته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ زووه‌ ئاماده‌كاریی بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.

راشیگه‌یاند، گرنگ نییه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كێ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات‌و به‌چ یاسایه‌ك ده‌كرێت، گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت‌و هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی‌و خاوەنی هەرسێ دەسەڵاتەكە بێت. 

رۆژی‌ 30ی 5ی‌ 2023 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابون. دادگاكه‌ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچون، هەڵدەوەشێنەوە، به‌تایه‌تی‌ دانیشتنی‌ ڕۆژی‌ 22ی‌ 5ی‌ 2023ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ به‌ده‌نگی‌ 58 په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌‌و كه‌مینه‌كان كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ڕاپرسی‌ هه‌رێم كارا كرایه‌وه‌و بڕیار بو ئه‌و كۆمسیۆنه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ببات. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×