مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق جەخت دەكەنەوە كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە نزیكترین كاتدا ئەنجام بدرێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا، کە ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بو، گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدرالی لە سەر بنەمای دەستور و ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان کرا .
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی، لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران دوپاتی کردەوە کە "هەمو هەوڵێکمان داوە لە چوارچێوەی دەستورو لەپێناو پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، لەگەڵ حکومەتی فيدرال بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام پێشێلکردنی مافەکانمان قبوڵ ناکەین."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە، "هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە لە نزیکترین کاتدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت."