حكومه‌تی‌ هه‌رێم: بەرهەمی ماسیی کوردستان هەناردەی عێراق‌و وڵاتانی کەنداو دەکرێت
  2023-06-18       974       

 
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێت، به‌ته‌واوكردنی‌ گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لەهەرێمی کوردستان و عێراق لەپارێزگای دهۆک، بەرهەمی ماسیی کوردستان هەناردەی عێراق‌و وڵاتانی کەنداو دەکرێت.

ئاوێنه‌: فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردۆته‌وه‌، گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆک دروست دەکرێت، کە لە چەند بەشێک پێک دێت و لە قۆناغی یەكەمدا توانای بەرهەمهێنانی دووسەد تۆن گۆشتی ماسی هەیە و سەدان هەلی كاریشی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەخساندووە.
 
ئامانج لەدروستکردنی ئەم پرۆژەیە، پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، کە لە قۆناغی یەكەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا ٢١ ملیۆن پەنجەماسی و هەزار و ٢٠٠ تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بهێنێت.
 
شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی، بەپێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووه‌، "ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکەری بەرهەمی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، سەرمایەکەی ١٠ ملیۆن دۆلارە؛ لە ئێستادا ٥٠٠ دەرفەتی کاری بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە".
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەكە ئەوەشی وتووه‌، "هیچ جۆرە پرۆژەیەکی بەرهەمی ماسی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو شێوەیە و بەو جۆرە سیستەمە دروست نەکراوە؛ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تێدا بەکار هێنراوە".
 
ڕووبەری پڕۆژەکە ٢٢٩ دۆنمە و پێک دێت لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی، پلانیش هەیە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە ئاییندەدا بەرهەمی ئەم پرۆژەیە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×