سودانی سكاڵا لەدژی حەلبوسی تۆمار دەكات
  2023-09-08       544       

سەرۆك وەزیرانی عێراق سكاڵایەكی لە دادگای فیدراڵی دژی (موحەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تۆمار كردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێكخستنی كاری ڕاوێژكارانی پەرلەمان، بڕیارە (20) ی ئەم مانگە دادگا لە سەر ئەو سكاڵایە كۆببێتەوە.

ئاوێنه‌: بەپێی بەرنامەی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی، بڕیارە (20) ی ئەم مانگە دادگا لەسەر ئەو سكاڵایە كۆببێتەوە، كە (موحەمەد شیاع سودانی) سەرۆك وەزیرانی عێراق دژی (موحەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە ڕێكستنی كاری ڕاوێژكارانی پەرلەمان تۆماری كردبوو.

سكاڵاكە لە دژی بڕگەی سێیەمی مادەی یەكی یاساكەیە، كە باس لەوە دەكات ڕاوێژكارانی پەرلەمان بە مەرسوومی كۆماری دادەمەزرێنرێن لەسەر بنەمای ڕەزامەندی پەرلەمان و ڕاسپاردەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

هەروەها سودانی تانەی لە بڕگەی پێنجی هەمان مادەی یاساكە داوە، كە هەر ڕاوێژكارێك بەر لە دەرچوونی یاساكە دامەزرابێت دانی پێدا دەنرێت.

یاسای ژمارە (3) ی ساڵی (2022)، تایبەتە بە ڕێكخستنی كاری ڕاوێژكاران، هەروەها یاساكە ژمارەی ڕاوێژكارانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمارو ئەنجوومەنی وەزیرانی بە شەش ڕاوێژكار دیاری كردووە، بۆ وەزارەت و دەستەو دەزگاكانی دیكەش سێ ڕاوێژكاری دیاری كردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×