پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق: سەرەتای مانگی داهاتو لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كۆدەبینەوە
  2023-11-24       281       

پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرایكرد، سەرەتای مانگی داهاتو لەگەڵ بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە دوبەی كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی بابەتی رێكخستنی حەواڵەی دەرەكی. دەشڵێت، لە ساڵی داهاتودا كۆتایی بە كاركردن بە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ حەواڵەی دەرەكی دەهێنن، ئەوەش دوای ئەوەی هەژمار بۆ بانكە عێراقییەكان لە چەند بانكێكی دەرەوە كراونەتەوەو هەروەها بۆ هاوردەكردن دراوەكان هەمەچەشن دەكرێن.

ئاوێنە: عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لەوتوێژێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی عێراق وتویەتی،سەرەتای مانگی داهاتو، بانكی ناوەندیی عێراق و بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە دوبەی كۆدەبنەوە بۆ پێداچونەوە بەسەرجەم پرسەكاندا لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر بابەتی رێكخستنی حەواڵەی دەرەكی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بانكی فیدراڵی ئەمریكاو بانكی ناوەندیی عێراق لەوبارەیەوە هاوڕان كە پێویستە لە پڕۆسەكانی جێبەجێكردن لە پرسی حەواڵەی دەرەكی بێنە دەرەوەو رۆڵیان كورتببێتەوە بۆ سەرپەرشتیكردن و چاودێریكردن.

جەختیشی كردۆتەوە كە پلانێكیان داناوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی حەواڵەی دەرەكی لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتودا كۆتایی پێ بێت.

عەلی عەلاق وتوشیەتی، توانیومانە سەركەوتو بین لە كردنەوەی زیاتر لە 40 هەژمار بۆ بانكە عێراقییەكان لە بانكەكانی دەرەوە كە ئەوەش پڕۆسەكانی حەواڵەی دەرەكی ئاسان دەكات.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها بۆ حەواڵەی دەرەكی توانیومانە دراوەكان هەمەچەشن بكەین، ئێستا لەپاڵ دۆلاردا، حەواڵەی دەرەكیمان بە یۆرۆ و درهەمی ئیماراتی هەیە.

بەقسەی پارێزگاری بانكی ناوەندی، رێكارەكانی كردنەوەی هەژمارەكان بە درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی و روبیەی هیندی تەواوكراون، لێكتێگەیشتنی سەرەتاییش لەگەڵ لایەنی توركی هەیە بۆ ئەنجامدانی حەواڵە لەڕێگەی بانكە توركییەكانەوە بە دراوی یۆرۆ یان دراوی توركی.

وتوشیەتی، ئەمە پرسێكی گرنگەو بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەڕێوەدەچێن و ئەوان لەمەدا هاوكارمانن، بەپێچەوانەی ئەوەی كە هەندێك وا تێدەگەن كە ئەمە هەڵاتنە لە گوشارەكانی بانكی فیدراڵی لەبارەی دۆلارەوە، چونكە ئێمە ئەو دراوانەی دیكەش بەو دۆلارە دەكڕین كە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكایەو ئەم كارە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی فیدراڵی دەكەین.

جەختیشی كردۆتەوە كە كردنەوەی ئەو هەژمارانە بۆ بانكە عێراقییەكان لە بانكەكانی دەرەوەو هەمەچەشنكردنی دراو لە حەواڵەی دەرەكیدا، هەنگاوێكی گرنگەو دەبێتە مایەی ئەوەی لە ساڵی داهاتودا كاركردن بە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی كۆتایی پێ بێت كە بەوەش پڕۆسەی حەواڵەكردن خێراترو ئاسانترو كۆنترۆڵكراوتر دەبێت و رێژەی رەتكردنەوەی حەواڵەكانیش كەم دەكاتەوە.

لەبارەی دابینكردنی دۆلاری كاش بۆ عێراق لەلایەن ئەمریكاوە، عەلی عەلاق وتویەتی، بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا وەڵامی هەر خواست و پێداویستییەكی عێراق لە دابینكردنی دۆلار دەدەنەوە بەڵام بەگرتنەبەری رێساو بنەما دروستەكانی جوڵەی پارە كە ئەوەش بەرژەوەندیی هەردو وڵات بەدی دەهێنێت و سیستمی دارایی پاك دەكاتەوە لە هەر پڕۆسەیەكی گوماناوی وەك سپیكردنەوەی پارەو پارەداركردنی تیرۆر.

هەروەها وتوشیەتی، پڕۆسەی هاوردەكردن بە دراوی هەمەچەشن لەوانە یوان و یۆرۆ دەستی پێكراوەو لە هەفتەی داهاتوشدا بە دراوی ئیماراتی دەستپێدەكات.

بەبڕوای عەلی عەلاق، ئەم رێكارانە بە ئامانجی كەمكردنەوەی گوشارن لەسەر خواست لەسەر دۆلاری كاش و دەمانەوێت سەرجەم هاوردەكاران پڕۆسەی هاوردەكردنی لەڕێگەی حەواڵەیەكی دەرەكی یاساییەوە ئەنجام بدەن، بەڵام هەندێك بازرگان لە عێراق ئەم رێگەیە ناگرنەبەرو دەچن گوشار لەسەر ئەو دۆلارە كاشە دروست دەكەن كە لە بازاڕەكاندا هەیەو ئەوەش دەبێتە مایەی دروستكردنی كەموكوڕی لە نرخی دۆلاردا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×