وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕێک پارەی مانگانە بۆ خوێندکاران تەرخان دەکات
  2023-11-26       246       

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ناوی زیاتر لە دو ملیۆن قوتابییان ناردوە بۆ فەرمانگەی تۆماری شایستەکان، ئەو قوتابییانەش بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 بە شێوەی مانگانە بڕیک پارەیان بۆ دابین دەکرێت.

ئاوێنە: کەریم سەید وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ناوی زیاتر لە دو ملیۆن قوتابی و خوێندکار تۆمارکراوە بۆ ئەوەی لە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 بە شێوەی مانگانە بڕێک پارە وەربگرن.

ئاماژە بەوەشکرد، ناوی قوتابنییەکان بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پەروەردە و فەرمانگەی تۆماری شایستەکان تۆمارکراوە، هەروەها وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش لە دیاریکردنی خوێندکارەکان هاوکار بوە.

ئەوەشی خستەڕو، پێداچونەوە و وردبینی بۆ ناوی خوێندکارەکان کراوە و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی خوێندکاران و قوتابییان بکرێت، پارەکەش لە رێگەی هەژماری بانکییەوە حەواڵەی بەخێوکەری قوتابییەکە یان خوێندکارەکە دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 بڕێک پارە بە شێوەی مانگانە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە تەرخانکراوە، کە بەخێوکەرەکانیان موچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بڕە پارەکەش بۆ قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی 30 هەزار دینارە، بۆ خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەییش 50 هەزار دینارە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×