پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەكەی دوورخرایەوە
  2023-11-26       384       

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا لە كارەكەی دوور بخاتەوە، عەبدول قادر دەخیل بە كاتی لە شوێنەكەی دەست بەكار دەبێت، تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، هەروەها كەناڵی ئاسمانی (نەینەوا الان)یش داخرا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی لەبارەی دوورخستنەوەی نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا و داخستنى كەناڵەكەشی هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، لە دوای ڕەزامەندی كۆتایی دادگا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا لە كارەكەی دوور بخاتەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، عەبدول قادر دەخیل بەشێوەیەكی كاتی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا دەست بەكار دەبێت، تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

لەلایەكی ترەوە كەناڵی (نەینەوا الان)ی پارێزگاری نەینەوا داخرا و بیناكەشی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی موسڵ كرا، فەرمانی داخستنی ئەو كەناڵە هاوكات بووە لەگەڵ دەركردنی نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا، هەروەها كەلوپەلی ناو كەناڵەكە ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەكرێت، لە نەینەوا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×