ئەنجومەنی سیاسی فەیلی: لایەنەكان دەیانەوێ كورسییەكانی كۆتا لە فەیلییە رەسەنەكان زەوت بكەن
  2023-11-29       220       

ئەنجومەنی سیاسیی فەیلی لە ساڵیادی دەرچونی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژبە فەیلییەكان رایدەگەیەنێت كە بڕیارەكە تەنها وەك مەرەكەبی سەر كاغەزە ماوەتەوەو دەشڵێت، سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان كێبڕكێیانە تاوەكو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە بەغداو واست، كورسییەكانی كۆتای فەیلی لە فەیلییە رەسەنەكان زەوت بكەن.

ئاوێنە: ئەنجومەنی سیاسیی فەیلی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژبە فەیلییەكان بە بیرهێناوەتەوە كە لە 29ی 11ی 2010 دەرچوەو رایگەیاندوە، بڕیارەكە تەنها وەك مەرەكەبی سەر كاغەز ماوەتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕۆ، ئەمڕۆكە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان كێبڕكێیانە لەگەڵ هێزە فەیلییە سەربەخۆكان لەسەر پشكی كۆتایی فەیلییەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەغداو واست و شەڕدەكەن لەپێناو زەوتكردنی كورسییە هەتیوەكانی فەیلییە رەسەنەكان "لەپێناو كۆتاییهێنان بە بونی فەیلییەكان بەشێوەیەك كە لە جەوهەردا جیاواز نییە لە تاوانی جینۆساید."

بەقسەی ئەنجومەنی سیاسیی فەیلی، حزبە سیاسییەكان ئەو كارە لە رێگەی هێنانی كاندیدی حزبی و سەربە ئەجێندا سیاسییەكانی خۆیانەوە دەكەن كە هیچ خەمێكیان نییە جگە لە سوتاندنی دەنگ و تێكدانی رێگە راستەكەی دەنگدەری فەیلی كە لەماوەی 20 ساڵی رابردوی پڕۆسەی سیاسیدا بۆتە مایەی ئەوەی كە پێكهاتەی فەیلی بەدەربكرێت لە هاوسەنگی نیشتمانی و ئیستحقاقی دەستوری خۆی.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×