داعش لەسنوری مەخمور هێرشیکردە سەر سوپای عێراق
  2023-12-02       317       

شه‌وی‌ ڕابردوو به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ژمارەیەک چەکداری داعش چونە نێو گوندی "گۆپتەپە" لەسنوری قەزای مەخمورو هێرشیانكرده‌ سه‌ر سوپای عێراق.

ئاوێنه‌: غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچوخ لەمەخمور ڕایگه‌یاند، "شەوی رابردو لەگوندی گۆپتەپە لەمەخمور داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانی سوپای عێراق و لەو هێرشەدا ئەفسەرێک و دوو سەرباز برینداربون".
 
وتیشی، بەیانیی ئەمڕۆ لەهەمان شوێن هێرشکراوەتەوە سەر هێزە عێراقییەکان و سەربازێک کوژراوەو دوانی دیکەش برینداربون.
 
به‌وته‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌، هێزه‌كانیان ئێستا لەگەڵ سوپای عێراقدان لەگوندەکەو گەمارۆی چەکدارانی داعشیان داوە.
 
بەهۆی بونی‌ بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لەسنوری مەخمور، چەندینجار چەکدارانی داعش دزەیانکردۆته‌ ئه‌و ناوچانانه‌و هێرشیانكردۆته‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق.

درەنگانی شەوی پێنجشەممەی‌ ڕابردوش 30-11-2023، لەنزیک گوندی عیمرانییەی ناحیەی وەجیهیەی سەر بەپارێزگای دیالە، چەکدارانی داعش بۆمبێکی چێندراویان بەئۆتۆمبێلێکدا تەقاندەوەو دوای کۆبونەوەی هاوڵاتیان، بەنیشانشکێن (قەنناس) هێرشیانکردو لەئەنجامدا زیاتر لە 27 کەس کوژران‌و برینداربون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×