مەنفای نیشتیمان...

هێمن قه‌ره‌داغی
  2019-06-06     997
یەكێك لەو شتانەی وادەكات مرۆڤ ھیچ جۆرە ئینتیمایەكی بۆ شوناسەكەی نەمێنێت، بۆ شوێن و جوگرافیا و خەڵكەكەی نەبێت، بێباكی و خەمساردی ئەوانیترە بەرامبەر بە ئازارەكانت، بە گریان و ھاوارەكانت... ساڵانێك لەمەوبەر لەسەر نامۆیی ڕۆشنبیرم نووسی لەناو قەومی خۆیدا، لەسەر ئەو مەنفایەی ڕێك وا لەبەردەم ماڵەكەی خۆتدا، لە گەڕەك و شارەكەی خۆتدا.. تۆ لێرەیت بەڵام ھەست ناكەیت كەس لەگەڵتە، كەس لێت تێدەگات، كەس ئاگای لە ھاوارەكانتە... ئەمە ئەو ساتەیە كە نیشتیمان خۆی دەبێتە مەنفا... ئەوكات چەندین نووسەر قسەیان لەسەر ئەمە كرد.
دوای ساڵانێك ئێستا من زیاتر و قوڵتر ھەست بەو مەنفایە ئەكەم، چون ئێستا ھەموو تاكێك خاوەنی ئەو ھەستەیە، ھەموو تاكێك سات لەدوای سات ئەپچڕێ لە شوناسەكەی، ھاوار دەكات و كەس نایبیستێ، كەس ئاوڕ لە غەم و دڵتەنگییەكانی ناداتەوە، كەس ئاگای لە كەس نەماوە...
دەغڵ و دانی میلەتێك گڕدەگرێ و ھەمووان پێدەكەنن، ھەمووان جەژن ئەژین، ھەمووان ئاھەنگ دەگێڕن... گەنم دەسوتێ و جوتیارەكان دەگرین و خەڵك بێباك سەیردەكات، چوكلێتی شیرین دەخوات، گۆرانی دەڵێ، یاری دەكات... بۆنی گەنم، بۆنی نان، بۆنی ھەویر دەبێتە سوتماك و كەس لەجێی خۆی ناجوڵێ، كەس باكی پێی نییە، كەس تاقەتی نەماوە دڵنەوا بێت...

تۆ پێم بڵێ، مەنفا ئێرە نەبێت، كوێیە؟...

ببورە كە ھەندێجار ناچارین دەستكاری برینەكە بكەین، چون ئازاری ھەیە، سوێی ھەیە و تەحەمول ناكرێ... گەر شیفاشی نەیەت، با خوێنی لێ بێت، تا لەبیرمان نەچێتەوە برینە...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×