دوو ڤایرۆس‌و جەستەیەك

هێمن قه‌ره‌داغی
  2020-03-27     381
كۆرۆنا دێت و ڤایرۆسێكی تری سەد ساڵە لە ئێمەدا كەشف دەكات، ئەودێت و ئاوێنەیەكی گەورە دەداتە دەستمان؛ تا بۆ یەكەمجار خۆمان ببینین بووینەتە چ بەرخۆرێك، چۆن ڕۆژ تا ئێوارە دەمانخوارد و تێر نەدەبووین، ڕۆژ تا ئێوارە ڕاماندەكرد و لای ھێچ شتێك، ھیچ كەسێك بە كامی دڵ لاماننەدەدا و نەدەوەستاین. ئەو دێت ڤایرۆسێكی كۆنتر لە ئێمەدا كەشف دەكات؛ كە ڤایرۆسی بەرخۆرییە. ڤایرۆسی زیادەڕۆیی و بوغرایی و سەرلێشێواوییەكی سەد ساڵەی سەرمایەدارییە. ئینگلیزەكان چەمكێكیان ھەیە لە ڕووی پەروەردەیی و سایكۆلۆجییەوە بۆ زیادە نازپێدان و خراپ بوونی منداڵ بەكاریدەھێنن، یاخود بۆ كەسێك كە زۆر نازكێش دەكرێت و زیاد لە بژاردەیەكی دەخرێتە بەردەست، تا ئاستێك ئیتر ئەو كەسە (فاسد) دەبێت...
‏ spoiled لە ڕووی ئاكارییەوە بە منداڵێك یان كەسێك دەوترێت كە زۆر نازپێدان تێكیداوە، وەك شیرێكی سپی خراپ بووە و ئیتر تامی تاڵی دەدات. مرۆڤایەتی نەخۆش كەوتبوو، بوغرا بوو بوو، نازكێش بوو بوو، ھەزاران بژاردەی ناپێویستی خواردن، ھەزاران بژاردەی چێژوەرگرتن، ھەزاران كاڵای نادرووست... نان بە سەد شێوە، كێك بە سەد شێوە، شەربەت بە ھەزاران تام، ماكیاج و جوانكاری بە سەدان ھەزار فۆرمی نەبڕاوە، دەستت بخستایەتە سەر ھەر شتێك بێشومار بژاردەت ھەبوو.
كۆرۆنا دێت و دەمانخاتەوە ناو چوار دیوارەكە و خەریكە شێت دەبین، دڵمان خەریكە دەتەقێت، بیری ئەو ھەزاران بژاردە بێسوود و زیادەیەی ژیان دەكەین، ھەندێكمان خەریكە فێمان لێدێت بۆ بازارێكی بێمەرج و خەرجكردنی بێشوماری جاران... ھەست ئەكەین ڤایرۆسێك لە ناوەوە دەست دەنێتە بینمان، گیانمان دەخاتە سەر خوروو، وەك موعتادێك داوای تلیاكی بەرخۆری و زیادەڕەوی و مەسرەفەكەی جارانمان لێدەكات.
لە ساڵانی ھەشتاكاندا و سەرەتای نەوەدەكان، ھەموو بەیانییەك كاتژمێر ٦-٧ دەنگێك بە ھاوارەكانی گەڕەكی خەبەردەكردەوە:
كارەبایە سەمون.. تازە و گەرمە سەمون
ھەر ماڵێك گوێی لەم دەنگە دەبوو، دەرگای دەكردەوە و مێردمنداڵێك یان پیاوێكی دەبینی بە تەبەدۆرێكی گەورەوە، سەموونی دەفرۆشت. سەموونی برژاو، كە بە لابردنی سەری تەبەدەدۆرەكە و ھەڵدانەوەی ئەو پەڕۆیەی بۆ داپۆشین و ساردنەبوونەوەی سەمونەكە بەكاردەھات، ئەو بۆنە مەستی دەكردیت، بۆنی گەنم بوو، ھەمان ئەوەی داریوش گۆرانی بۆ وتووە. ھەمووان بێ ژاوەژاو، بێ پیسكردنی ژیان، سەموونی گەرمی خۆیان دەخستە سەر سفرە.
ساڵانێك دواتر سەدان جۆری سەموون و نان وایكرد، ھەموو خێزانێك بەیانیان ماشێنێكی گەورە و گران بخاتەكار و سرووشت و ژیان پڕ بكات لە دوكەڵ، چۆلەكەكان بترسێنێت، پشیلەكان پانبكاتەوە، بەنزین سەرف بكات، تا بە ھۆی ئەو بەنزینەوە شەڕی دەوڵەتان درووست ببێت و مرۆڤ بە گازگرتن بكەوێتە یەكتر... بەیانیان یەكێك دەڵێ نانی بازاڕ، یەكێكیتر سەموونی بەردین، یەكێكی تر ئەڵێت من كولێرە بە كونجی نەبێت نایخۆم، یەكێكیتر داوای تۆست دەكات.... ھتد. مرۆڤ ساڵانێكە وەك شیرێكی سپی پڕ كراوە لە ژەھر، تەنھا ڕەنگە سپییەكەی ماوە و چیتر شیر نییە. ڤایرۆسی بەرخۆری نزیكەی سەد ساڵە ئێمەی نەخۆش خستووە. ڤایرۆسێك ڕۆژانە خۆمان بە دەستی خۆمان زیاتر و زیاتر خزمەتمان دەكرد.
بێگومان ئەمە ناونرا ئازادی و ھەر ئەم ئازادییەش بووە داینەمۆی ئەو بازاڕە بێسەروبەرە. تۆ تا ئەوكاتە ئازادیت كە باشتر سەرف دەكەیت، زیاتر دەخۆیت و زیاتر دەكڕیت و بە یەك جۆر شت ڕازی نابیت. تۆ ئاگات لێ نییە ئازادیت دڕاوە، ھەزار كونی تێبووە و دەبێت بیدووریتەوە. وەك گۆزەیەكی شكاو ھەرچی تێدەكەیت، ھەر بەتاڵە و پڕ نابێت، وەك منداڵێكی گڕۆزی وڕكن، ھەرچی دەدەیتێ؛ ژیر نابێت... تۆ ئازادانە بوویتە كۆیلەی ھەموو ئەو شتانەی كە موعتادیان كردوویت.
ژمارەی ئەوانەی نیو سەدەیە بە ژەھرەكانی شەكر و چەوری و خوێی كاڵاكانی سەرمایەداری دەمرن، زۆر زیاترە لەوەی بە كۆرۆنا دەمرن.
تۆ دەمێكە نەخۆش كەوتوویت و تازە پێی دەزانیت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×