كاریگەریی روداوەكانی هەینیی رابردو

مەم بورهان قانع
  2020-06-30     683
هێشتا گڤتوگۆكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد بە بنبەست نەگەیشتون و هەرێم-یش رازییە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، سەرەڕای رادەستكردنی 50%ی داهاتی ناوخۆ، بەڵام ئەو گرێكوێرەیەی ئێستا لەنێوان هەردولادا نەكراوەتەوە، بڕی ئەو پارەیەیە كە پێویستە بەغداد وەكو شایستەی دارایی بۆ هەرێم-ی بنێرێت.

ئەمڕۆ (30/ 6/ 2020)، "مەسرور بارزانی" لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی شاندەكەی حكومەتی هەرێم بۆ گڤتوكۆكردن لەگەڵ بەغداد، وتی: "سازش لەسەر مافەكانمان ناكەین و بەردەوامیش دەبین لە دانوستان" (واتا هێشتا رێگا ماوە بۆ رێكەوتن). سەرەڕای ئەوەی "قوباد تاڵەبانی" خەریكی بەدەستهێنانی ناوبژیوانیی هەرێمیی و نێودەوڵەتییە و زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتە زلهێزەكان دا دەكات، بۆ ئەوەی وردەكاریی دانوستانەكانیان بۆ رونبكاتەوە و رای هەردولایەنی دانوستانیان پێبگەیەنێت، چونكە پێكهاتەو هێزە سیاسییەكانی عیراق، بێ‌ دەستوەردانی دەرەكیی، ناتوانن لەسەر بچوكترین خاڵ رێكبكەون و عیراق بەتەواوەتیی بوەتە گۆڕەپانی تەراتێنی هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكان و بەهێزكردنەوەی پێگەی "سونە"یش لە داهاتوی عیراق دا، هەر لەم چوارچێوەیەدا دەبێت.

هیچ كات و هیچ سەرۆكوەزیرێكی عیراقیی، ئەوەندە بە خێرایی توشی كێشە نەبوە لەگەڵ زۆرینەی ماڵی شیعەدا، وەك ئەوەی ئێستا كازمیی تێیكەوتوە، بەتایبەتی لەرۆژی هەینیی رابردوەوە، گۆمەكە شڵەقاوە و قوڵتربوەتەوە و ئەگەر پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە "كازمیی" ببرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و كورد و سونە پشتیوانیی لێنەكەن، بەدوری نازانم "كازمیی" بكەوێت و لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقیی دوربخرێتەوە. بۆیە:

1- پێویستە هاوشانی دانوستانی هەرێم و بەغداد، كورد كارتی پشتیوانیكردنی ستراتیژیی بۆ "مستەفا كازمیی" نیشانبدات و لەم نێوەندەیش دا، "سونە" هاوكاربێت، كە بەمەیش لێكنزیكبونەوە و رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد ئەگەرێكی بەهێزتردەبێت.

2- هاتنەوەی "رافع عیساویی" بۆ عیراق و داخستنی دۆسێیەكەی لە دادگا و دواتریش ئەگەری هاتنەوەی "تاریق هاشمیی" و "ئوسیل نوجەیفیی" و چەند سەركردەیەكی دیكەی سونە بۆ عیراق، ئاماژەیەكی رونن بۆ پشتیوانیكردنی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەم پێكهاتەیەی عیراق و بەهێزكردنەوەی پێگەی سیاسییان لە بەرانبەر شیعەدا لە عیراق، كە ئەمەیش بەلای ئەمریكییەكانەوە بۆ گڤتوگۆكانی لەگەڵ سەركردایەتیی دەسەڵاتداری عیراق، گرنگە، وەكچۆن سێ‌ هەفتەی دیكە لە "كۆشكی سپی"، "ترامپ" و "كازمیی" كۆدەبنەوە و كۆمەڵێك پرسی گرنگ و هەنوكەیی هەن، تاوتوێی دەكەن.

3- روداوەكانی هەینیی رابردو (دەستگیركردنی 14 چەكدارەكەی سەر بە یەكێك لە میلیشیاكانی شیعە لەلایەن هێزەكانی دژە تێرۆری عیراقیی و دواتر ئازادكردنیان)، نیشانیداین: هێشتا "مستەفا كازمیی" كارەكتەرێكی هێندە بەهێز نییە بتوانێت سەركێشیی بكات و ئێستا لەهەر كات زیاتر پێویستی بە نەرمینواندنە بەرانبەر بە كوتلە پەرلەمانییە گەورەكان و هەروەها پێكهاتە جیاجیاكانی عیراق، كە "كورد"یش یەكێك دەبێت لەوانە و سەركێشیكردنی لەسەر بەرزكردنەوەی سەقفی داخوازییەكانیان لەگەڵ كورددا، سەرەڕای ئەوەی قەیرانی دارایی هەرێم قوڵتردەكاتەوە و ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستا هەرێم توانای چارەسەركردنیان زۆر لاوازدەبێت و كێشەكانی هەرێمی كوردستان قوڵتردەبنەوە و خەڵكی كوردستان باجەكەی دەدەن، سەرەنجام "كازمیی" هاوپەیمانێتیی كورد لە دەستدەدات و ئەوكات هەر هێزێكی ناڕازیی میلیشیایی لە عیراق، بەئاسانی دەتوانێت ناوبراو لەسەر كورسیی دەسەڵات دوربخاتەوە و شەرعییەتی پەرلەمانیی-شیان دەبێت و بەدوریشی نازانم ئەوكات "كورد" پشتیوانی لەم دورخستنەوەیە بكات.

4- روداوەكانی هەینیی رابردو، دەرسێكی داوەتە "كازمیی"، كە پێیوابێت هێشتا زوە بتوانێت سەركێشیی گەورە بكات، كە لە ئێستادا سەرەنجامەكەی بەدورخستنەوەی لەسەر كورسیی دەسەڵات كۆتایی دێت و ئەمیش (مستەفا كازمیی) خەونی هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتودا، زۆرترین كورسیی پەرلەمانیی بباتەوە و ببێتەوە بەكارەكتەری هەڵبژێردراوی پلە یەك‌و ئەوكات ئاسانتر ئەحێنداكانی جێبەجێبكات‌و لەمبارەیەیشەوە، ئەمریكاو هەندێ‌ هێزی شیعەی میانڕەو (هاوپەیمانێتییەكەی رەوتی حیكمەو خودی "عەممار حەكیم")، پشتیوانی لێدەكەن و دەیشتوانێت پشتیوانیی كورد و سونە مسۆگەر بكات، بەمەرجێك ئەگەر لەم چەند مانگەدا، نەرمیی بەرانبەر بە كورد و سونە بنوێنێت‌و كێشەكانیان لەگەڵدا یەكلابكاتەوە.

بۆیە، روداوەكانی هەینیی رابردو، بە دیوێك دا، "كازمیی" سودی لێدەبینێت كە رەنگە لە گڤتوگۆكانیان دا لەگەڵ هەرێم، سەقفی داخوازییەكانیان بەرانبەر بە شاندی دانوستانی كورد بەرزترنەكەنەوە و سەرەنجام هەردولایان رێكبكەون.

5- هەوڵەكانی ئەمڕۆی "عەممار حەكیم"ی سەرۆكی رەوتی "حیكمە" و راگەیاندنی هاوپەیمانێتیی "عیراقیون" لەبەرانبەر بە هەردو كوتلەی "سائرون" و "فەتح" و پشتیوانیكردنی سەرسەختانەی لە كابینەكەی "كازمیی"، ئاماژەیەكی رونە بۆ پەرتبونی تەواوەتیی ماڵی شیعە و یەكلاكردنەوەی ئەم تەرازوی هێزەیش بۆ كوردو سونە ئاساندەبێت و بەمەیش "كازمیی" دەتوانێت گرەویان لەسەر بكات و نەرمیی بنوێنێت لە چارەسەركردنیی كێشەكان دا لەگەڵیان.

داهاتوی نزیك، زۆر پرسی ناوخۆیی لەسەر ئاستی عیراق یەكلادەكاتەوە، كە چەند ساڵێكە لەعیراق دا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×