دەربارەی خانەنشینكردنی پەرلەمانتارو پلە باڵاكان

مەم بورهان قانع
  2020-01-17     924
زۆر قسە لەسەر ئەم بابەتە كراوە و زۆر زۆریش "موزایەدە"ی بێتامی پێوە كراوە... بەكورتی: ئەم رونكردنەوەیە لەسەر ئەم خانەنشینبونە و مەرجەكانی، بۆ خەڵكی كوردستان بڵاودەكەمەوە:

بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە "چاكسازیی لە خانەنشینیی موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان - عیراق"دا، ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كرابو، مادەی "2"ی پڕۆژە یاساكە، تایبەتبو بە مەرجەكانی خانەنشینیی پلە باڵاكان و بۆ ئەمەیش (15) ساڵ خزمەتی راستەقینەی وەزیفیی و هەروەها تەواوكردنی 45 ساڵی تەمەن كرابوە پێوەر.

بە پێی ئەو مەرجەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ خانەنشینیی پلە باڵاكان داینابو، تەنها لەم خولەی ئێستای پەرلەمان دا، (78) پەرلەمانتار لە خانەنشینیی بێبەشدەكران و بەمەیش لە كۆبونەوەی دەیان كاتژمێری جیاجیادا، ئەوانەی ئەم خانەنشینبونە نەیدەگرتنەوە، كەوتبونە ناڕەزایی و "لۆبیی" دروستكردن، بۆ ئەوەی ئەو مەرجانەی خانەنشینبون لاببرێن، یان دەرچەیەكی "یاسایی" بدۆزرێتەوە؛ بۆ ئەوەی "خاوەن پلە باڵا بێمەرجەكان"یش سودمەندببن و خانەنشین بكرێن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی پێشبینیدەكرا لەم خولە و هەر چوار خولەكەی پێشوی پەرلەمان دا، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانە، كە بەپێی ئەو بڕگەیە خانەنشینییەكانیان هەڵدەوەشایەوە، دەگەیشتە نزیكەی 350 پەرلەمانتار (رەنگە زیاتریش). ئەوەبو لە دانیشتنی تایبەت بە خوێندنەوەی دوەمی پڕۆژە یاسای ناوبراو و بە فشار و نیگەرانیی زۆرینەی ئەو پارلەمانتار و پلە باڵایانەی ئێستا و رابردو، كە ئەم خانەنشینییە نەیدەگرتنەوە، دەسكاریی ئەم مەرجانە كرا و پینەیەكی "یاسایی" بۆ دۆزرایەوە.

كاتێ‌ گڤتوگۆ گەیشتە سەر مادەی (7)ی پڕۆژە یاساكە، كە تایبەتبو بە خانەنشینیی پلە باڵاكان و مەرج و رێژەی خانەنشینییەكە (وەكچۆن لە راپۆرتی هاوبەشی لیژنەكانی پەرلەمان دا، مادەی (2)ی پڕۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیران، كرابوە مادەی "7")، دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ ماوەیەكی كاتیی هەڵگیرا و دوای گڤتوگۆی زیاتر لە دو كاتژمێر كۆبونەوەی تایبەت لەنێوان نوێنەرانی فراكسیۆنەكانی "پارتی، یەكێتیی، گۆڕان، كۆمەڵ و پێكهاتەكان"، سەرئەنجام رێكەوتنێكی لێكەوتەوە بۆ دیاریكردنی دەرچە "یاساییەكە!" و بەمەیش ئەو پەرلەمانتارانەی مەرجی تەمەن و ساڵانی خزمەتیان نییە، بە 25%ی موچە و دەرماڵەكانیان خانەنشین بكرێن (واتە 15%ی بنەڕەتیی + چوار ساڵی خرمەتی پەرلەمانیی، كە دەكاتە شەش خاڵ + 4 خاڵی بڕوانامەی بكالۆریۆس، كە دەكاتە چوار خاڵ)، وەكچۆن پەرلەمانتار "عەبدولستار مەجید" سەرۆكی فراكسیۆنی "كۆمەڵی ئیسلامیی"، لە دانیشتنەكەی پەرلەمان دا، ئەو پێشنیازەی كرد و نزیكەی 40 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكەی خۆیان و یەكێتیی و پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان پشتیوانیان لێكرد) و بەمەیش ئەم 78 پەرلەمانتارانەی ئەم خولەی پەرلەمان، كە مەرجەكانی پڕۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیران نەیدەگرتنەوە، لە دانیشتنی تایبەت بە خوێندنەوەی سێیەمی "پڕۆژە یاساكە"دا، مافی خانەنشینبونیان پێدرا، كە تەنها لەم پێنج خولەی پەرلەمان دا، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم مافەیان پێدراوە، نزیكەی 350 پەرلەمانتار دەبن. سەرەڕای ئەوەی رێكەوتنیش كرا كە رێژەی خانەنشینیی بۆ پلە باڵاكان (ئەوانەی تەواوی مەرجەكانیان تێدایە) بۆ 50% كەمبكرێتەوە.

ئەنجام:

بەپێی ئەم دەرچە "یاساییە!""ی ئەو چەند فراكسیۆنە دۆزییانەوە، نەك بە تەنها نزیكەی 350پەرلەمانتاری ئەم خولە و خولەكانی پێشوی پەرلەمان بە رێژەی 25% خانەنشین دەكرێن (كە پێشتر هەمویان بەرێژەی 80% خانەنشین كرابون)، بەڵكو زیاتر لە هەزار كەسی دیكەیش، كە وەزیر، یان بریكاری وەزیر، یاخود بەرێوەبەری گشتیی، یان سەرۆك و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەمو ئەوانەییشی لە پلەی ئەواندان)، ئەگەر مەرجی 15 ساڵ خزمەت و هاوكات 45 ساڵی تەمەنیشیان تەواونەكردبێت، ئەوا بە رێژەی 25%ی موچە و دەرماڵەكانیان خانەنشین دەكرێن، لەكاتێكدا بەپێی پڕۆژە یاساكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، كە بۆ پەرلەمانی كوردستان--ی ناردبو، خانەنشینیی هەر هەمویان هەڵدەوەشایەوە و بەمەیش حكومەت گۆڵی لە پەرلەمان كرد و زۆرینەی پەرلەمانیی-ش، خانەنشینكردنی بێمەرجەكانی پینە كرد.

ئەوەی سەرەوە، یەكێكە لە بابەتەكانی ناو یاساكە، بەڵام یاسا پەسەندكراوەكە، چەندین بەند و بڕگەی دیكەی تێدایە، كە شایانی قسە لەسەركردنن و دەبو زۆر باشتر بكرێن و زیاتر بۆ خزمەتی گشتیی بشكێنەوە، بەڵام زیاتر میدیا و بەشێكی خەڵكی ناڕازیی كوردستان، تەركیزیان لەسەر ئەو خاڵەیانە، بۆیە بەپێویستم زانی ئەم رونكردنەوەیە لەوبارەیەوە بدەم، كە دەبو لەمبارەیەوە ئەو مەرجانەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خانەنشینی پلە باڵاكان داینابو، بەجۆرێك دەسكاریی بكرایە، كە مەرجی تەمەن لانیكەم بۆ 50 ساڵ زیادبكرایە و مەرجی خزمەتی وەزیفیی راستەقینەیش بەهەمانشێوە زیادبكرایە، ئەوكات رێژەی خانەنشینبونیش كەمتربكرایەتەوە. بەڵام، بەداخەوە ئیتر بڕیاری زۆرینە یەكلاكەرەوەیە.

تێبینیی:
بەپێی مەرجەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خانەنشینیی پلە باڵاكان، زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنەكانی: پارتی و یەكێتیی خانەنشین نەدەبون و لەنێو فراكسیۆنی "گۆڕان"یش دا، تەنها سێ‌ ئەندامیان مەرجی خانەنیشنبون دەیگرتنەوە و لەنێو فراكسیۆنی "كۆمەڵ"یش، تەنها دوو ئەندام و لەنێو فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان-یش، تەنها سێ‌‌ ئەندام و لەنێو فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌"ش دا، تەنها من مەرجی خانەنشینبونم بە 31 ساڵ خزمەتی وەزیفیی راسیتەقینە و 49 ساڵی تەمەنەوە تێدا دەبو، بەڵام ئیتر موزایەدەكان بێتام بون و هیوادارم ئەم رونكردنەوەی منیش، بە "موزایەدە"كردن بەسەر هاوپیشەكانم دا، وەرنەگیرێت.


* ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×