کۆدێتاکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان

مەم بورهان قانع
  2019-03-10     963

ئەوەی ئەمڕۆ (10/ 3/ 2019)، لە كۆبونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان دا لە پەرلەمانی كوردستان، بەزۆرینەی نارەوای سەرۆك فراكسیۆنەكان بڕیاری لێدراوە و تایبەتە بە دابەشكردنی ئەندامانی 14 لیژنەی پەرلەمان (وەكچۆن پێشتر لیژنەی یاسایی هەڵبژێردرا)، سەپاندنی زۆرینەی ناڕەوا و سادەترین بنەمای "ئیستیحقاق"ی كورسیی پەرلەمانیی و هەروەها سادەترین بنەمای دیموكراسییە.

ئاخر لەكۆی ئەو  14 لیژنە پەرلەمانییە، كە  بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەر لیژنەیەك ژمارەی ئەندامەكانی لە پێنج بۆ 11 ئەندام دەبێت، ئەمە چ رێزگرتنێكە لە كاری پیشەیی و دیموكراسیی و مافی دەنگدەر و كاری پێكەوەیی لە پەرلەمان دا، كە لەكۆی سێ‌ لیژنەی "سیادیی" وەكو "دارایی، ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و هەروەها  لیژنەی سامانە سروشتییەكان"دا، كە پشكی شێری كارەساتی ئەم هەرێمە، روبەروی ئەم سێ‌ لیژنەیە دەبێتەوە بۆ شەڕكردن و چاودێریكردنی كابینە حكومەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، كەچی یەك ئەندامی فراكسیۆنێكی وەكو "نەوەی نوێ‌"، كە خاوەنی هەشت كورسییە و تێكڕای ژمارەی ئەندامانی ئەو سێ‌ لیژنەیە دەگاتە (33) ئەندام، كەچی پارتی و یەكێتیی بە پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و  جێگرەكانیان و سەرۆكایەتیی هەمو لیژنە "سیادیی"یەكانی پەرلەمان و وەزارەتە هەستیارەكانی وەكو "سامانە سروشتییەكان" و "ناوخۆ" و "پێشمەرگە" و "دارایی" و "ئەنجومەنی ئاسایش" و "فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە" و تاڵانكردنی سامانی نیشتمان و چی و چی "ئیكتیفا" نەكەن و رێگریی بكەن لە بونی ئەندامی فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌" لەو سێ‌ لیژنە هەستیارەدا... ئەمە چ لێكدانەوەیەك هەڵدەگرێت؟!

ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دا كراوە، "كۆدێتا"یەكە بەسەر دیموكراسیی و فرەدەنگیی و كاری پیشەیی دا لە پەرلەمانی كوردستان، كە ئەمەیش نییەتی ناشیرینی دو پارتەكەی دەسەڵات نیشاندەدات، كە نایانەوێت پەرلەمان بە ئەركی پیشەیی و چاودێریكردنی راستەقینەی خۆی هەستێ‌ و نوێنەری گەورەترین فراكسیۆنی راستەقینەی ئۆپۆزسیۆن لەو لیژنانەدا بونی هەبێت.

سەرەڕای ئەوەی فراكسیۆنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستان، یاداشتی ناڕەزایی داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، كە دەبێت پێداچونەوە بەم ئەقڵییەتە نادیموكراسییەدا بكرێت، كە چۆن فراكسیۆنێكی خاوەن هەشت كورسیی، لەكۆی 33 ئەندامی سێ‌ لیژنەی "سیادیی"ی پەرلەمان، تەنها ئەندامێكی نەبێت، لەكاتێكدا دەبێت لانیكەم لە هەرسێ‌ لیژنەكەدا، سێ‌ ئەنداممان هەبێت، ئەمە لەكاتێكدایە "پارتی" لەنێو هەریەكە لەو سێ‌ لیژنە گرنگەدا، پێنج ئەندامی هەیە و یەكێتی لە هەر لیژنەیەك دا دوو ئەندام و تەنانەت لە لیژنەی "ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە"دا، سێ‌ ئەندامی هەیە، لەكاتێكدا یەكێتیی خاوەنی 21 كورسیی پارلەمانییە و دەیشبێتە خاوەنی پۆستی سەرۆكی پارلەمان و سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان، كەچی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن، هیچ ئەندامێكی نەبێت، بۆیە ئەمە سەرەتایەكی دیكەی تاكڕەویی و خۆسەپێنیی دو هێزەكەی دەسەڵاتە لە سەرلەنوێ‌ لێدان لە شكۆی پەرلەمان.

دوپاتیدەكەمەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دا كراوە، جۆرێكە لە "کۆدێتا" بەسەر فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌" و دەنگی ناڕەزایی راستەقینەدا لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا هێزگەلێكی دیكە هەن ژمارەی كورسییەكانیان لە فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌" كەمترە، بەڵام لەنێو هەرسێ‌ لیژنەكەدا نوێنەرایەتییان هەیە.

ئەوەی لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دا كراوە، بێرێزییە بەرانبەر بە سادەترین بنەمای دیموكراسیی و هەروەها "ئیستیحقاق"ی هەڵبژاردن، سەرەڕای ترس لە نوێنەرەكانی ئەم فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنە راستەقینەیە لە پەرلەمانی كوردستان. ئەمەیش بۆ ئەوەی فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌" لە پەرلەمان، ئاگاداری كۆی ئەو "گەندەڵیی" و ناهەقییانە نەبێت، كە حكومەت لە بوارەكانی دارایی و كێشە و داهاتە ناوخۆییەكان و پرسی بەنهێنیی هێشتنەوەی گرێبەستە ناڕەواكانی سامانە سروشتییەكان دا لە كوردستان، ئەنجامیاندەدات و سەرەنجام بە كارەسات و ماڵوێرانیی و قەیران بۆ خەڵكی كوردستان شكاونەتەوە.

ئەگەر "پارتی" و "یەكێتیی" دەیانەوێت نەختێك شكۆ بۆ شكۆی برینداری ئەم پەرلەمانە بگەڕێننەوە، دەبێت لەم پرسە هەستیارەدا، ئەقڵانییانەتر و بەرپرسیارانەتر مامەڵە بكەن، بۆ ئەوەی پەرلەمان پیشەییانە و یاساییانە كاری چاودێریكردن و یاسا دەركردن راببپەرێنێت و پەرلەمان شوێنی یەكلاكردنەوەی كێشەكان و چاودێریكردنی دەسەڵات بێت، نەك بكرێتە ناوەندێك بۆ خزمەتكردنی ئەجێنداكانی هەردو حزبی دەسەڵات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×