به‌بۆنه‌ی ساڵێك تێپه‌ربون به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی هه‌ولێرو بادینان‌و شاره‌كانی تر

نیاز عه‌بدوڵا
  2019-04-05     315

1-له‌ ساڵی 2009وه‌ تا ئه‌مڕۆ ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ی بانگه‌شه‌ی جیاوازییان له‌ پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتیمانی كردووه‌، سوودیان له‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی و ناڕه‌زایه‌تی تاكه‌كه‌سی و گشتی هاووڵاتییان وه‌رگرتووه‌ بۆ به‌كارهێنانیان وه‌ك فشار و هێزی حیزبییان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو پارته‌. 


زیاتر له‌وه‌ش رۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆ و چالاكوانانی مه‌ده‌نی و خۆپیشاندانه‌كانیان كردۆته‌ ‌پلیكانه‌، تا (سبه‌ی) ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی به‌هۆی تیرۆركردنی رۆڵه‌كانیان له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌كێتی و ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ستی پارتی رووبه‌ڕووی مه‌رگ بوونه‌وه‌، ده‌نگ به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی و نیچیرڤان بارزانی له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و نه‌وه‌كانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و جه‌لال تاڵه‌بانی بده‌ن.


ئه‌وانه‌ی له‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ناوی ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌ تیرۆر و كوشتنی خۆپیشانده‌ران و شه‌قلێدان له‌ مامۆستا و پزیشك هاواریان ده‌ركرد، ئه‌و ئۆپۆزسۆنه‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌نگ به‌ بكوژه‌كانی 17ی شوبات و كاوه‌ گه‌رمیانی و سه‌رده‌شت عوسمان و ویداد حوسێن و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و مامۆستا هێرش و .... ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و چوار ساڵی ئارام و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ حكومه‌ت.

2- هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كۆن و نوێیه‌كان كه‌ كه‌سایه‌تی قوربانیانی ده‌ستی پارتی و یه‌كێتییان كردبووه‌ ئامرازی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، فشار ده‌كه‌نه‌ سه‌ر په‌رله‌مانتاره‌كانیان و فریویان ده‌ده‌ن به‌ به‌ڵێنی ساخته‌ و داخوازی ناڕاست، به‌و ئامانجه‌ی هیچ یه‌كێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان هه‌ڵویست و بریاری جیاوازیان نه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر پارتی و یه‌كێتی و چه‌سپاندنی حوكمڕانییه‌كی بنه‌ماڵه‌یی و سته‌مكار.


بۆیه‌ رۆژانی داهاتوو، رۆژانی تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی و راستگۆیی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌بێت كه‌ دژ به‌ سته‌مكاری و گه‌نده‌ڵی و تیرۆر ده‌نگیان بڵندكردبوو. هه‌ر ده‌نگدانێكی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ به‌م ناوه‌ڕۆكه‌ی "یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم" و نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی،...، ده‌بڵ مۆڕاڵی و كه‌وتنێكی ئه‌خلاقی گه‌وره‌یه‌. هاوكات پێكردنی گڵۆپی سه‌وزه‌ بۆ به‌رده‌وامی فاشیزم و، پێبه‌خشینی پارێزبه‌ندی سیاسی و یاساییه‌ به‌و تاوانباره‌ خوێنڕێژ و گه‌نده‌ڵانه‌ی رۆژنامه‌نووسانیان تیرۆركرد و خۆپیشانده‌رانیان كوشت.


3-وه‌ك چۆن به‌شێك له‌ ئه‌ركه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانی حكومه‌تی به‌عس له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌ جیناكۆكه‌كان له‌لایه‌ن پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نشتیمانی ته‌واوكران، ئێستاش ئه‌ركه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌رده‌ستی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی پێشوو و ئێستای ئه‌و دوو پارته‌ ته‌واوده‌كرێت، كه‌ ئامانج لێی بونیادنانی سیسته‌مێكی سیاسی دیكتاتۆری بنه‌ماڵه‌ییه‌ له‌ كوردستان و به‌شكردنی خێری سیاسی و دارایی گشتییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان.


ئه‌وه‌ی ده‌شبیندرێت، به‌ ته‌نیا قورسكردنی تای ته‌رازووی ئه‌و حوكمڕانییه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ فاشیسته‌ نییه‌ به‌ پشتیوانیكردنی ئاشكرا، به‌ڵكو دژایه‌تیكردنی ئه‌و ده‌نگانه‌ی جیاوازتر له‌ خۆیان و دوو حیزبه‌كه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت هه‌مان میكانیزمه‌ فاشیسته‌كانی جووت حیزبه‌كه‌ دژ به‌و ده‌نگانه‌ به‌كارده‌هێنن. 
له‌به‌رئه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ی كه‌ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لاوازه‌، رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی مه‌ده‌نی تاكه‌ كه‌سی، خاوه‌ن رۆڵ و گرنگی ده‌بێت بۆ دژایه‌تیكردنی سته‌مكاری و درێژه‌دان به‌قۆناغی ململانێكانی نێوان دیموكراسییه‌ت و فاشیزم.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×