کام بیرکردنەوە دروست و ساغڵەمە؟

جیهاد محەمەد
  2019-01-25     1185

بیرکردنەوە، چالاکییەکی بەردەوامی مێشکی مرۆڤە، پاڵنەری بیرکردنەوە غەریزەیەکی خۆڕسکیانەیە لە مرۆڤدا، مرڤۆ بە بێ بیرکردنەوە ژیانێکی تێکچوو و نالەباری هەیە، وەک هەموو ئەوانەی لە زکماکییەوە مێشکیان باش کار ناکات بۆ بیرکردنەوە، یان ئەوانەی بە هەرچ هۆکارێک بێت تووشی تێکچوونی مێشک دەبن، ئیتر ناتوانن بیربکەنەوە، ئەگەر هەستیشیان هەبێت بیرکردنەوەیان نامێنێت بۆیە حاڵ و ژیانێکی زۆر پەشێو و نالەباریان هەیە، ئەگەر کەسانێکی دڵسۆز یان نەخۆشخانەی تایبەتی نەبێت، وەک ئاژەڵیش ناتوانن بلەوەڕێن و خۆیان بپارێزن.
بەڵام ئایا بیرکردنەوەی مرۆڤەکانی هەموو گەلانی ئەم جیهانە، وەک یەک وایە؟ ئەگەر وایە، بۆچی گەلانێک هەن توانیویانە ژیانێکی بەختەوەرتر و باشتر لە گەلانی تر بۆ خۆیان دابین بکەن، گەلانێک هەیە بەردەوام بە دەست ژیانی ناهەموار و شەڕ و جەنگ و ئاژەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێن، گەلانێکیش هەن زۆربەی هەر زۆریان بە دەست نەبوونی و هەژارییەوە دەناڵێنن.
هەموو ئەو گەل و کۆمەڵگانەی توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن لەو ئایدۆلۆژیە بەستەڵەکانەی مێشکی مرۆڤ دەخاتە قاوغێکی ڕەقەوە بیرکردنەوەیەکی ساغڵەم و دروستیان هەبووە و تێگەیشتوون لەوەی ئەو ئایدۆلۆژیە بەستەڵەکەکان گەورەترین کێشەی ڕێکخراوبوونی ژیانیان بۆ دروست دەکات، ناتوانن لە ژێر سایەیی کولتوورێکی دواکەوتووی کۆمەڵلایەتیی و سیاسییدا هیچ جۆر بەختەوەرییەک و خۆشگوزەرانیەک بەدی بهێنن، ناتوانن مرۆڤبوون و خۆشەویستی بکەن بە بەردی بناغەی پێکەوە ژیان و خۆڕزگارکردن لە چەوساندنەوە و ستەمکاریی،بیرکردنەوەکانیان، بیرکردنەوەیەکی بوێرانە و ئازایانە بووە، بۆیە توانیویانە شۆڕش بەرامبەر بە بیرکردنەوەکانی خۆیان و دەسەڵاتە ستەمکارەکان بەرپا بکەن و خۆیان دەربازبکەن لە زۆربەی نەهامەتی و کوێروەریەکانی ژیان، وەک گەلانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بە گشتی.
ئەو گەل و کۆمەڵگانەی داما و کۆیلەی دەستی بیرکردنەوە ترادسوێن و کۆنەباوەکانی خۆیان و دەسەڵات و حکومڕانە ستەمکار و چەوسێنرەکانن، بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەیەکی دواکەوتووی قەتیس ماو و پەنگەوەخواردووی گوماوی ئاو لەبەرنەڕۆشتووی سەدان ساڵەی میشکیانن. ئەم جۆرە کۆمەڵگە و گەلانەی وەک گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و عێراق و کوردستان گیرۆدەی عەقڵیەتە کۆنەباوەکەی خۆیانن بۆیە ناتوانن هیچ جۆرە ئازادی و ڕزگاریەک بەدەست بهێنن.
بیرکردنەوەی ساغلەم و دروست لای هەرچ مرۆڤ و گەل و کۆمەڵگەیەک، ئەو بیرکردنەوەیەیە، کە بتوانێت شۆڕش دژی بیرکردنەوە کۆنەباوەکانی ناو مێشکی خۆی بەرپا بکات. ئەوسا ئاسانە بتوانێت شۆرش بەرامبەر دەسەڵاتە سیاسییە حکومڕانە ستەمکارەکان بەرپا بکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×