یادی شەهیدی نەمر "فازیل ڕەسوڵ"

جیهاد محەمەد
  2019-07-13     459


کاکە فازیل هاوڕێ و خزم و کەسی خۆشەویستم، زۆر سەختە من زیندوو بم و یادی تۆی گیان بەختکردوو بکەمەوە، تۆی گیانبەختکردوو کوانوویەکی هێندە گەرمت لە ناو دڵمدا چێ کردووە هەرگیز ناکوژێتەوە. چ قەدرێکە، گیانی تۆ گوللە دایبێژێت، دڵی منیش سوچەڕی خەم. کێ بوون ئەوانەی دڵیان هات گوڵی چاوەکانت بپروێنن؟! کێ بوون ئەوانەی دڵیان هات هەناری دڵت داتەکێنن؟! کێبوون ئەوانەی توانیان خەندەی سەر لێوت بتۆرێنن؟!  کێبوون ئەوانەی سەرووی باڵاتیان لارکردەوە و کانی ڕۆحتیان وشک کرد؟! ئاخر خۆ دڕندەش شەرمی لە ئاغری و مرۆڤدۆستیی و ژینگەدۆستیی و سروشتدۆستیی تۆ دەکرد، بەڵام دیارە ئەوانە لە دڕندەش دڕندەتر بوون. بکوژەکانی تۆ حەلاجکوژەکان و ئارامکوژەکان و فەرهاد فەرەجکوژەکان و عەبدولخالق مەعروفکوژەکان بوون، بکوژی دەیان ئینساندۆستی وەک تۆ و فەرج فۆدە بوون. بکوژەکانی ئێوە(تۆ و قاسم لۆ و عەبدوڵلای قادری) سیکتاریزمە بیرتەسکەکان بوون، کە هەرگیز ئاشتی و پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردنیان نەویستوە و نایانەوێت. ئەزانم لە هەموو لایەکەوە فێڵیان لێ کردیت، دەنا تۆ زۆر لەوە وردتر بوویت بکەویتە داوی گەلەگورگێکی خوێنخۆرەوە. لە یادی ئەو زوڵمەی لە تۆ کرا دەستم قەڵەم ناگرێت و بە زۆر هێز دەدەمە بەرخۆم شتێکی کورت بنووسم، ئاخر قەڵەم هەرچی بنووسێت با سەوزەڵانێک و گوڵستانێک و نێرگسجارێکیش بخولقێنێ لە یادی تۆی جوانەمەرگدا و پێشکەشتیکا، کەچی هەر ناچارە، ملکەچانە سەر دانەوێنێت لە بەرامبەر ڕێز و خۆشەویستی و بیری فراوانی تۆدا، بۆیە بە لارەملیەوە ئەم چەند دێڕە دەنووسم و پێت دەڵێم تۆ هەمیشە زیندوویت لەلام. ئێستاش وا دەزانم ئەو ساتەیە هەواڵی مەرگتم پێگەیشت و ئەم هەواڵە دڵتەزێنە هەر گەرمە لام و سارد نابێتەوە.
فازیل ڕەسوڵ کێ بوو؟
فازیل مەلا مەحموود حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە، کە لە ١٣ی حەوتی ١٩٨٩دا لە ڤێننای پایتەختی نەمسا لەگەڵ هەردوو گیانبەختکردوو قاسم لۆ و عەبدوڵڵای قادریدا لە سەر مێزی دانوستاندن تیرۆر کران.
فازیل ڕەسوڵ، ئەو کەسە بوو، کە خەمی میللەتێکی لە کۆڵ گرتبوو، هەرچ کەسێک فازیلی بۆ جارێک بینیبێت و ناسیبێت، زانیوێتی ئەم گەنجە چەند وردبین و زیرەک و بلیمەتە، سەری سوڕماوە لەوەی چۆن ئەو دڵە بچکۆلەیەی جێگەی ئەو هەموو خەم و پەژارەیەی میللەتێکی تیا دەبێتەوە، ئەی چۆن توانیوێتی دڵی بکات بە دوو بەشەوە، بەشێکی بۆ هەڵگرتنی ئەو هەموو خەم و پەژارەیەی میللەتەکەی و بەشێکیشی بۆ ئەو هەموو هیوا و ئاوات و خۆشەویستی و گەشبینییەی نەک هەر بۆ میللەتەکەی خۆی بەڵکو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی و بە تایبەتی چارەسەری کێشەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

 


کەسایەتی فازیل ڕەسوڵ لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە 
فازیل ڕەسوڵ، هەر لەسەرتای لاوێتیەوە، کەسێکی وردبین بووە، کەسێک بووە، توانیوێتی دڵی هەموو خزم و کەسوکار و هاوڕێکانی بە جۆرێک ڕابکێشێت بە لای خۆیدا، کە کەس دڵی نەهاتووە بۆ ساتێکیش لێی زویر بێت. لە ناو خێزانەکەی خۆیدا کەسانێکی بە تەمەنتر و بە ئەزموونتر و خوێنەوارتر و خاوەن بڕوانامەی گەورە هەبوون وەک براکانی و ئامۆزاکانی، کەچی حسابی فازیل وا کراوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم گەنجە خوێنگەرمە بلیمەتە باش جێگەی خۆی دەکاتەوە لە ناو میللەت و کۆمەڵگاکەی خۆیدا، بۆیە حسابی تایبەتی بۆ کراوە، هەتا توانیبێتیان دەستیان گرتوە و وەک قوتابیەکی بلیمەتی خۆیان تەماشایان کردووە و پشتیوانییان کردووە و دڵسۆزانە دەست لە ملانی بوون، ئەمیش بە دڵی فراوانەوە گەورەکانی خۆی قبووڵکردووە و خۆی بە فێرخوازی هەمیشەییان زانیەوە. 
لە ناو هەموو ئەو کۆڕ و کۆمەڵ و ئۆرگانە سیاسیانەشی کە کاری کردووە، چ چەپ و چ ڕاست هەمان حسابی بۆ کراوە و هەمان چاوەڕوانی لێکراوە. 
مێشک و دڵی فازیل بە هیچ جۆرێک جێگەی تۆڵەسەندەوە و ڕق و کینەی تیا نەدەبووەوە، کەسێک بوو هەتا بڵێی دژی تووندووتیژی و خوێنڕشتن بوو، ئەم گەنجە جوانە خەندە بەلێوە ڕووخۆشە هەمیشە دەشنایەوە بۆ هەرچ کەسێکی بەرامبەری. فازیل شنەی شەماڵ و بای وەشتی خۆشەویستی بوو بۆ هەموو کەس بێ جیاوازی. میهرەبانی و نەرمونیانیەکەی لە میهر و نەرمونیانی دایک دەچوو بۆ ڕۆڵەکەی.
ویژدانم ئاسوودە نابێت، ئەگەر دان بەو ڕاستیەدا نەنێم، کە ئەم کوڕە گەنجە زیرەکە، وەک پەپولە وا بوو، لە ژیانیدا ئازاری هیچ کەسێکی نەدابوو، دژی هەموو تووندووتیژیەک بوو، دژی هەموو کوشتن و بڕین و خوێنڕشتنێک بوو، کەسێکی تا بڵێی دڵپاک و بە ئەمەک و هاوڕێدۆست و خزمدۆست و ناسک بوو، کەسێکی سادە و ساکار و خاکی بوو، ئەوەی لە گیرفانیدا بوایە حەزی دەکرد لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا بەشی بکات و پێکەوە خەرجی بکەن، هەتا بڵێی دوور بوو لە خۆپەرستیەوە. 
ئەم کوڕە گەنجە خوێنگەرمە، هەمیشە بیر و ئەندێشە ئینسانیەکەی لە گەشەکردندا بوو، هەمیشە سادە و سادەتر و خاکیتر دەبووەوە.  ئەگەر کەسێک هەبێت ئێستا گلەییەکی لەم شەهیدە هەبێت، من دڵنیام ئەگەر فازیل لە ژیاندا بوایە، ئێستا نزیکترین کەس و هاوڕێ و دۆست و خزمی ئەو کەسانە بوو. 

 


فازیل ڕەسوڵ وەک ڕۆشنبیر و سیاسی 
فازیل بیرمەندێک بوو لەو بیرمەندانەی کە وا بیری دەکردەوە، دەتوانێت و دەتوانرێت، هەموو سەنگەرە جیاوازەکانی بیرکردنەوە لەم پەڕی چەپەوە تا ئەو پەڕی ڕاست، لەم پەڕی لیبراڵەوە تا ئەو پەڕی ئایدۆلۆژیە بیرتەسک و سیکتاریزمەکان کۆبکاتەوە و لە یەکتریان نزیکبخاتەوە. 
فازیل، لەوە تێگەیشتبوو، کە ئەم دنیای پڕ لە کوشتن و بڕین و خوێنڕشتنە، بە شۆڕشی چەکداری و بەکارهێنانی هەمان چەکی دەستی دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا نەک هەر چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ئەوە درێژەپێدەری هەمان بەشمەینەتیە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و گەلی کوردی ستەمدیدەی زوڵملێکراو لە مێژوودا. 
هەمیشە زیاتر گوێگربوو لەوەی کە قسە بکات. فازیل هەمیشە فێر دەبوو، لە خۆفێرکردن بۆ ساتێکیش ڕانەدەوستا. فازیل هەمیشە فێرخوازێکی زیرەک بوو، زۆر بە وردی گوێی دەگرت و ڕەخنە و تێبینی خۆی زۆر بە ئەدەبەوە پێشکەش دەکر. فازیل وا گوێی شل دەکرد بۆ بیر و بیرکردنەوە جیاوازەکان، کە وا دەزانرا بە تەواوەتی بڕوای گۆڕدراوە، تەنانەت لە ڕەفتاریشیدا بە هەمان شێوە ڕێزی لە هەموو بیر و بیرکردنەوە جیاوازەکان دەگرت.
فازیل خۆشەویستی هەموو مرۆڤدۆست و یەکسانخواز و دادپەروەرخواز و دیموکراتخوازەکان بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا چونکە ئەوەندە بە هەڵپە بوو، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە مرۆڤی کورد و دواتر مرۆڤی رۆژهەڵاتی ناوین سەریان بە لەشیانەوە بنووسێت و ئۆخەیەک بکەن لە ژیاندا، چونکە زۆر ورد بیری دەکردەوە لە پیلانە گڵاوەکانی زلهێزەکانی دنیای سەرمایەداری، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم کارەکتەرە سیاسییە لای حکومەتە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بە ئیسرائیلیشەوە کە بە دەوڵتێکی دیموکرات دادەنرێت خۆشەویست نەبوو. دەتوانم بڵێم بەشێک لە تیرۆکردنی و بە ناحەق خوێنڕشتنیشی هەر ئەم هۆکارە بوو. 
فازیل ڕەسوڵ، لە سەرەتای مەفرەزە سەرەتاییەکانی پێشمەرگەی دوای نسکۆی بزووتنەوەی گەلی کورد(شۆرشی ئەیلول)، ئەوەندە بە نهێنی گەڕایەوە کوردستان، تا ماوەی چەند مانگێک نەیهێشت هیچ کەس لە خوشک و براکانیشی بزانن کە لە کوردستانە. کاتێکیش خۆی و دەستەیەک پێشمەرگەی چەکدار چوونە قەرەداخ و گەیشتەوە بە شەهید ئارامی هاوڕێی، عەقید خەڵەفی مدیری ئەمنی سلێمانی کە ئەمەی زانیبوو، وتبووی بە دەست ئارامەوە داماوین نۆرەی فازیلە. 
فازیل ڕەسوڵ، لەگەڵ فەلەستینەکان زۆر دۆست بوو، هەمیشەش ڕای وا بوو، کە فەلەستینەکان دەبێت ئەو واقیعە تاڵەی بەسەریاندا سەپێنراوە، دەست و پەنجە نەرمکەن لەگەڵیدا، ڕای وا بوو کە بچوکترین دەرفەتی ئاشتی و ڕێکەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕەت نەکەنەوە. ڕای وا بوو کە درێژەی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان زیاتر بەشمەینەتی دێنێتە ئاراوە بۆ هەموو ناوچەکە. ڕای وا بوو کە چۆن گەشەی ڕووەکێک لە کۆرپەییەوە تا دێتە بەر بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، هەموو ئەو ناحەقیانەی لە گەل و نەتەوە و چینێکیش دەکرێت ناتوانرێت بە یەک گوژم و بە یەک جار بنەبڕ بکرێت، بۆی خەبات و تێکۆشان لە پێناوی ژیانێکی بەختەوەر و یەکسان و دادەروەردا بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت. فازیل لای وا بوو کە هەموو ڕێگەکان تاقیکراونەتەوە، تەنها یەک ڕێگە ماوە ئەویش پێکەوە هەڵکردن و پێکەوە ژیان و قبووڵکردنی دۆستایەتیە ئەگەر هەموو مافەکانیش تیا بە دەی نەیەت.
ئەم پیاوە وا بیری دەکردەوە، کە لە ژیانێکی ئارامدا، لە خۆشگوزەرانیدا، لە دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ و تۆقاندندا، مرۆڤەکان باشتر بیردەکەنەوە، عەقڵانیەت و شارستانیەت پێویستی بە کەش و هاوای سیاسیی ئارام هەیە. 

 


گەڕانەوەی فازیل بە قاچاخ بۆ کوردستان
فازیل، کە گەڕابووە کوردستان بە نهێنی پەیوەندی کردبوو بە چەنک کەسایەتیەکی سیاسی و ئەدەبیەوە، لاوانە هەندێک لە هاوڕێکانی خۆی، بۆ هەرکەسێک نامەی نووسیبوو، نەیوتبوو گەڕاومەتەوە، وتبووی نیازم وایە لەم نزیکانەدا بە قاچاخ بگەڕێمەوە کوردستان، بۆ ئەوەی دەمودوویان تاقی بکاتەوە. ئەوەی من ئاگادار بم هەندێک لەو کەسانەی کە لە دواجاردا پەیەوەندی پێوە کردبوون، شەهید دڵشاد مەریوانی و کاک شێخ ئەشرەف خزمی نزیکی مام جەلال و کاک ئەنوەری حەمە ڕەشید و کاک ئەحمەد ئابڵاخی و مامۆستا عەبدوڵڵا میدیا و چەند کەسێک لە خێزانەکەی خۆی بوون، هەروەها کاک عەبدولڕحمانی حاجی سدیق(گۆران) و کاک زاهیر باهیر بوون وەک نوێنەری گروپێکی سیاسیی ئەو سەردەمە، لە هەوڵێریش بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵلا پەشێو و سامی شۆرش بوون، لە بەغداد یەک دوو کەسێکی تر بوو، کە ئەو سەردەمە ماڵیان لە بەغدا بوو. 
هەر بۆ خستنەڕووی ڕاستیەکان، فازیل لەگەڵ ئەوەی زۆر بە قەناعەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری گەڕایەوە کوردستان، بەڵام لە دواجاردا پەشیمان بوو، چونکە لای وا بوو، کە مەرج نییە تەنها ڕێگەی خەبات دژی بەعسیە فاشیەکان شۆڕشی چەکداری بێت، وا بیری دەکردەوە کە خەباتی سیاسی و مەدەنی باشترین ڕێگەیە، ئەم گۆرانە لە فکریدا هۆکارێکی سەرکەی بوو کە لەگەڵ چەند بیرمەند و ڕۆشنبیرێکی عەرەبیدا گۆڤاری (منبر الحوار) دامەزرێنن، لەوانە ئەحمەد بن بللا. ئەم گۆڤارە و نووسینەکانی زیاتر فازیلیان لە ناو ڕۆشنبیرانی عەرەبی و فەلەستینیەکاندا ناساند، زیاتریش بیرکردنەوە وردەکانی دەرکەوتن، کە چۆن پیلانە گڵاوەکانی زلهێزەکانی دنیا هەڵدەتەکێنێت و چۆن لەسەریان دەنووسێت، هەر ئەمەش بوو کە ڕقی گەورەی لە دڵی حکومەت و دەوڵەتانی ناوچەکەدا دروستکرد بەرامبەری. 
ئەوانەشی کە دەڵێن، فازیل لە بیرمەند و کەسێکی چەپەوە گۆڕاوە بۆ بیرمەندێکی ئیسلامیی، بە هەڵەدا چوون و لە بیری فراوانی فازیل و بیرکردنەوە فراوانەکەی تێنەگەیشتوون. بە بڕوای من ئەم کوڕە گەنجە هێندە بە فراوانی بیری دەکردەوە لەوەی کە بۆ قۆناغیک کە ڕەنگە ئەم قۆناغە درێژە بکێشێت، پێویستە هەموو بەرەی چەپ و ڕاست و لیبراڵ و ئیسلامیی لە سەنگەرێکدا بوەستن دژی پیلانە گڵاوەکانی زلهێزەکانی دنیا، کە هیچ خێر و خۆشیەکیان بۆ وڵاتانی رۆژ‌هەڵاتی ناوین ناوێت، بەڵکو هەمیشە پیلانی ئەوە دادەڕێژن کە شەڕ و پێکدادان و ئاژاوە هەبێت لە ناوچەکەدا، وا بیری دەکردەوە، شەڕ و پێکدادانی نێوان لایەن و ئادیۆلۆجیەکان بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەبێت بوەستێنرێت، بۆ ئەوەی عەقڵانیانە بیربکەنەوە و تێبگەن لەوەی کە هۆکاری سەرەکی دواکەوتووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە کوێوە سەریهەڵداوە و گەلی کورد بۆ ناگات بە سەربەخۆیی و ئازادی. 
وەک سەدان و هەزاران کەسی تر لەم هۆکار و فاکتەرانە تێگەیشتبوو، ئەوەی لا ڕوون بوو، کە گرنگە ئایدۆلۆجیە دژەکانیش لەم مەسەلەیە تێبگەن، دەنا بە نوخبەیەک بیرمەند و ڕۆشنبیر هیچ شتێک ناکرێت. واش بیری دەکردەوە، کە دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا، پیلانی دەوڵەتە زلهێزە چاوچنۆکەکانی دنیایە، بۆ ئەوەی هەمیشە مەسەلەی نەتەوەیی گەلی کورد ئامڕازێک بێت بە دەستیانەوە و بەکاری بهێنن، هەروەها هەمان بیرکردنەوەشی هەبوو دەربارەی شەڕی فەلستینیەکان و ئیسرائیل، لای وابوو ئەو شەڕ و پێکدادانانە تەنها بەرژەوەندی کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی دنیایی تیایە و هیچ کام لە ئیسرائیل و خودی دەوڵەتانی عەرەبیش نایانەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. 
یەکێک لەو کەسانەی بۆ چەند جارێک فازیل ڕەسوڵی بینیەوە لە سلێمانی و قەرەداخ، کاک زاهیر باهیر بووە، کاک زاهیر دەڵێت، "لە وەسەتی سیاسیدا کەم کەسم بینوە هێندەی فازیل گوێگر بوو بێت". لە ڕاستیدا وا بوو، لە گفتوگۆکردندا کەم قسەی دەکرد و بە وردی گوێی لە بەرامبەرەکەی دەگرت، هەڵبەت ئەمەش خەسڵەتی کەسە زیرەکەکانە، خەسڵەتی ئەوانەی کە دەیانەوێت زیاتر فێربن و لە هەمان کاتدا ڕێزگرتنیشە لە بەرامبەر، خەسڵەتی ئەو سیاسیانەیە کە نایانەوێت خۆیان بسەپێنن بەسەر کەسدا، خەسڵەتی ئەو ڕۆشنبیرانەیە کە بەردەوام خۆیان بە فێرخواز دەزانن و دەیانەوێت فێربن، خەسڵەتی ئەو بیرفراوانانەیە کە خۆیان و حیزبی خۆیان و ئایدۆلۆجیەتی خۆیان وا نابینن کە هەموو ڕاستیەکانیان لایە، تا بیرکردنەوەیان نەبێت بە بیرکردنەوەیەکی فاشیانە.  
فازیل ڕەسوڵ، لەو سەردەمە کورتەی پێشمەرگایەتیەکەیدا، لە سەرەتای دروستبوونی مەفرەزە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردا، جگە لەوەی زۆر نزیک بوو لە شەهید ئارامەوە، گەلێک هاوڕێ و دۆست و خزمیشی بەسەر کردبووەوە، گەلێک کەس بووبوون بە هاوڕێ و دۆستی. وەک خۆی بۆی گێڕامەوە، هەندێک لەو کەسانە وەک کوێخا ساڵحی گوڕباز، چەند ئەم ویستویەتی بە نهێنی بمێنێتەوە، بەڵام پێی وتبوو ئەگەر من عەقڵم بێت تۆ لە خێڵی حاجی مەلاڕەسوڵی دێلێژەیت و خزمی شێخ ڕەفیقیت. بوو بوو بە هاوڕێی شەهید ئاشتی(بەکر چاو شین) و کاکە یوسفی جوانە مەرگ، هەروەها بووبوو بە هاوڕێ و دۆستی نزیکی شەهید تاهیری حەمەی موردا. بە نهێنیش سەردانی خزمانی دێلێژەی کردبوو بۆ چەند جارێک. 
جارێکی تر سڵاو لە گیان و مەزاری پاکت شەهیدە سەربەرزەکە.

 

شەهید ئارام‌و فازیل مەلا رەسوڵ

 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×