دەست خۆش بیرمەندە وردو عاقڵەکە

جیهاد محەمەد
  2019-08-09     248

دەست خۆش عەبدوڵا ئۆجەلانی بەڕێز
دەست خۆش بیرمەندە وردو عاقڵەکە
دەستخۆشیش بۆ هەموو ئەوانەی هانی پەکەکەو تورکیا دەدەن بۆ ڕێکەونت.
من وەک هاوڵاتیەکی کورد و وەک مرۆڤێکیش، کە هەمیشە ئازاری مرۆڤەکانی تر، یان کوشتن و بڕین و خوێنڕشتنی مرۆڤەکان زۆر ئازارم دەدات، دەمێکە بڕوام بەوە نەماوە کە تەنها بە شەڕ و پێکدادان چارەسەری کێشەکان ناکرێت.


لێدوان و ڕاگەیاندنەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان دڵخۆشم دەکات، کە دەڵێت" دەتوانم لە یەک هەفتەدا شەڕ ڕابگرم و ئامادەم لەگەڵ تورکیادا ڕێکبکەوم".
دنیایەک دڵخۆشم بەم ڕاگەیاندنە، ئەگەر گەلی کورد، زەرەریش بکات، لە هەندێک دەستکەوتی نەتەوەیی بەو ڕێکەوتنەی عەبدوڵلا ئۆجەلان دەستپێشخەریی بۆ دەکات،  زۆر باشترە لەوەی دوای دەیان ساڵی دیکە، ڕێکەوتنێک بکرێت و هەندێک دەستکەوتی زیاتری تیا بەدەست بهێنرێت، چونکە درێژەدان بە شەڕ و پێکدادان لانی کەمی زیانەکەی خوێنڕشتی هەزاران مرۆڤە، چ  لە گەلی کورد، چ لە گەلی تورکیا. ڕێککەوتنێک ئەمڕۆ بکرێت بە دەستکەوتێکی کەمەوە، زۆر باشترە لە ڕێکەوتنێک کە هەندێک دەستکەوتی زیاتری تیا بەدەست بێت، کە لە پێناویدا خوێنڕشتن و دەربەدەری و هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری و لە دەستدانی عەقڵی لە پێناودا دەدرێت. دەستکەوتێکی کەم و زیانێکی کەمتر، نەک دەستکەوتێکی زۆرتر و زیانێکی گەلێ گەورەتر، کە لە قەبارەی دەستکەوتە زیاترەکە، دەیان جار گەورەتر و زیانبەخشتربێت.


چارەسەری کێشەی گەلی کورد لە ناوچەکەدا، مەرج نییە تەنها لە ڕێگەی شەڕ و پێکدادانەوە بەدەست بێت، هەروەها مەرجیش نییە بە ڕوخانی ڕژمێک لە ڕژێمە فاشیەکان دەستکەوتی زیاتر بە دەست بێت بۆ گەلی کورد، بە تایبەتی ئەوەی لە مێژووی دوور و درێژی ئەم دەوڵەتە فاشیانەدا ئەزموونمان وەرگرتووە، ڕووخانی ئەم ڕژێمانە نەبووەتە هۆکاری گۆڕانکاری بنەڕەتی، وەک گۆڕانکاری لە مێنتالیەت و عەقڵیەت و کولتووری سیاسییدا، بە پێچەوانەوە زۆر جار ئەنجامی ڕوخانی ئەم دەوڵەتە فاشیانە خراپتر بووە بۆ گەلی کورد و سەرجەم گەلانی دیکە. 


لە ڕاستیدا تووندوتیژیی و شەڕ و پێکدادان بۆ سەندنی ماف، هەرچەندە سوودی هەبێت، ناگات بەو زیانەی کە جگە لە خوێنڕشتنی مرۆڤەکان، جگە لە ماڵوێرانی، جگە لە دەربەدەری منداڵ و ژن و گەورەساڵان، عەقڵیشی تیا لە دەست دەدرێت.
کاتێک کە عەقڵ نەما، بیرکردنەوە نەما، ئیتر بمانەوێت یان نا، وێرانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
کاتێک عەقڵ لە ئارادا بوو، بیرکردنەوە لە ئارادا بوو، چەند پێشێلکاریش هەبێت، وەلێ ئەو پێشێلکاریانە، بەو جۆرە نابێت کە ترس و تۆقاندنی ئەوەی لە دواوە بێت، کە ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ و دەیە دوای دەیە، چاوەڕوانی وێرانکاری زیاتر بین. 


ئێمەی کوردی باشور، ئەگەر زاکیرەمان لاواز نەبێت، ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین، ئەگەر دوای قسەی زلی پارتی و یەکێتی نەکەوین، ئەزموونێکی زۆرمان هەیە لەوەی شەڕ و پێکدادانەکان یەجگار زیانی لە گەل و نەتەوە و نیشتیمان داوە، ئەو "دەریا خوێنەی" پارتی و یەکێتی کردوویانە بە "سەرمایەیەکی ڕەمزی"، کوا ئەنجامکەی؟ خۆ ئەوەتا تا ئێستاش کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بە هەمان شێوەی جاران هەڕەشەی لەسەرە و خوێن لە پێناویدا دەڕێژرێت، پارتی و یەکێتیش بازرگانێتی پێوە دەکەن، نموونەش ڕیفراندۆمە عەنتیەکەکە بوو. 


هەندێک کەس، ڕەخنەی ئەوەیان هەیە، گوایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتوویەتی"ئێمە دەوڵەتمان ناوێت"، بە بڕوای من دەمێکە سیاسەتی پەکەکە لەسەر دەوڵەت و داواکردنی دامەزراندنی دەوڵەت گۆڕدراوە. وا هەست دەکەم ئەو کەسانە لە سیاسەتی پەکەکە باش تێنەگیشتوون. 


پڕۆژەی "دیموکراتی گەلان" پڕۆژەیەکی سیاسیی هێندە گەورەیە، زۆر لەم دەوڵەتە فاشیانە گەورەترە، زۆر زیاتر خەڵکی لە پەنای ئەم پڕۆژەیەدا دەحەسێنەوە و دەگەن بە کۆمەڵێک مافی بنەڕەتی. ئەم پڕۆژەیەش مەرج نییە تەنها لە ڕێگەی شەڕ و پێکدادانەوە بە دەست بێت. 


ئەگەر ورد بیربکەینەوە، پێدراەوکان باش هەڵبەسەنگێنین، لە دنیادا و بە تایبەتی لە ڕۆهەڵاتی ناویندا، دەیە دوای دەیە، ئەم جۆرە لە سیستمی حوکمڕانی کە هەمیشە فاشیەت و ڕەگەزپەرستی بەرهەم دێنێت، وردە وردە بەسەر دەچێت و ئێستا بیر لە پڕۆژەی سیاسی گەورەتر دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک خودی خۆی بتوانێت خۆی بەڕیوەبەرێت، واتە ئەوەی پێی دەڵێن "حوکمی خۆسەری".


"حوکمی خۆسەری" حکومێکە بە عەقڵ و بیرکردنەوە و پڕۆژەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دێتە ئاراوە، نەک بە شەڕ و پێکدادان. حوکمی خۆسەری واتا پێکەوە ژیان و حوکمی دیموکراتی ڕاستەوخۆی خەڵک، کە لە خواری خوارەوە خەڵک خۆی ڕێکدەخات و ئاسۆیانە حوکمڕانی خۆیان دەکەن، نەک دەسەڵاتی سەپێنراو بە ناوی دەسەڵاتی هەڵبژێردراو و پەرلەمانەوە. 
دوا قسەم بۆ ئەوانەی ڕەخنەیان لە ڕاگەیاندنەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان هەیە، ئیحراجی سیاسیی لە بەردەم ڕای گیشتیدا، یەکێکە لە باشترین هەنگاوی سیاسی. ئەم بیرمەندە کوردە، باش بیری لەم مەسەلەیە کردووەتەوە، باشیش دەزانێت تورکیا و ئەردۆغان و ئاکپارتی دەستپێشخەریەکە قبووڵ ناکەن، وەلێ ئەوە ئیحراجی سیاسی دەوڵەت و حکومەتی تورکیایە لەبەردەم ڕای گشتیدا. بەم ئیحراجی سیاسییە، گەلی کورد و بەرەی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز دنیایە دۆستی گەورەی بۆ دروست دەبێت لە دنیاندا.  

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×